Accessibility links

ئیتالیا دەڵێت ئامادەیە تاووتوێی هەر داوایەکی ئەمەریکا بکات بۆ بەکارهێنانی بنکەیەکی لەشکری لە دژی داعش


وەزیری دەرەوەی ئیتالیا دەڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە تاووتوێی هەر داوایەکی ئەمەریکا بکات بۆ بەکارهێنانی بنکەی لەشکری سیجونێللا لە دورگەی سیسیلیا (سقڵیـیە) بۆ بۆردومانکردنی داعش لە لیبیا.

پاولۆ جێنتیلۆنی ئەمڕۆ سێشەممە لە چاوپـێکەوتنێـکیدا لەگەڵ کەناڵی RAI ی فەرمی ئیتالیا پـرسیاری لێکرا، ئایا ئیتالیا ڕێگە بە ئەمەریکا دەدات ئەو بنکە لەشکریـیە بۆ هێرشی سەر داعش بەکاربهێنێت؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "ئەگەر داوایەکی لەو جۆرەمان لێبکەن ئامادەین تاووتوێی بکەین."

گوتیشی بڕیاری ئەمەریکا بۆ هێرشکردنە سەر داعش لە لیبیا کارێکی زۆر باشە بە ئاڕاستەی سەقامگیری لەو وڵاتە کە 90% ی پەنابەرانی ڕوو لە ئیتالیا دەکەن لەوێوە دێن. هەروەها هەڕەشەکانی تێرۆر کەم دەبنەوە.

هاوکات سەرچاوەیەک لە حکومەتی ئیتالیا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت ئەگەر بێت و ئیتالیا داوایەکی لەو جۆرەی لێبکرێت، ئەوا حکومەت دەتوانێت ڕەزامەندی خۆی بدات بەبێ ئەوەی پـێویست بەوە بکات لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.

بنکەی لەشکری سیجونێللا کە نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیاوە دورە، ناوەندێـکی هێزی دەریایی و ئاسمانی ئەمەریکای لێـیە لەگەڵ بنکەیەکی ئاسمانی ئیتالیا و زۆر جار بەکاردەهێنرێت بۆ پـێشـکەشکردنی پشـتیوانی لۆجستی بۆ هێزەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندامی ناتۆ.

XS
SM
MD
LG