Accessibility links

پـۆلیسی ئیتالیا 2 کەسی سوری بە پاسپـۆرتی ساختە دەسـتگیردەکەن

  • VOA News

میدیاکانی ئیتالیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە ڕایانگەیاند پـۆلیسی وڵاتەکەیان 2 کەسی سوریـیان دەسـتگیرکردووە کە بەنیازبوون بە پاسپـۆرتی ساختە بەرەو ماڵتا بڕۆن. دەڵێن لە مۆبایلەکانیاندا وێنەی پەیوەست بە داعشی تێدایە.

ڕۆژنامەی ئێکۆ دی بێرگامۆ نووسیویەتی دوو کەس کە یەکێکیان تەمەنی 30 سـاڵە و ئەوی دیکەیان 19 سـاڵ، شەوی چوارشەممە لە فڕۆکەخانەی بێرگامۆ لە نزیک شاری میلان دەسـتگیرکراون کاتێـک پاسپـۆرتەکانیان نیشانداوە، یەکێـکیان نەمساویـیە و ئەوی دیکەیان نەرویژیـیە، بەڵام کاتێـک قسەیان لەگەڵدا کراوە جگە لە زمانی عەرەبی هیچی دیکەیان نەزانیوە.

لەو کاتەی ویستوویانە سواری فڕۆکەیەک بن کە بەرەو ماڵتا دەڕۆیشت، کاربەدەسـتانی ئاسایش سەیری مۆبایلەکانیان کردوون و بۆیان دەرکەوتووە وێنەی پەیوەست بە داعشیان تێدایە.

سی ساڵەکەیان وێنەیەک لە مۆبایلەکەیدا بینراوە کە تیایدا چەکێـکی هەڵگرتووە، بەڵام دەڵێن نکۆڵی کردووە ئەوە خۆی بێت و گوتویەتی ئامۆزایەتی.

کوڕە نۆزدە ساڵەکەش گوتویەتی ئەو وینانەی بۆ یادکردنەوەی برا مردووەکەی هەڵگرتووە.

دەزگاکانی پـۆلیس و ئاسایش لە ئیتالیا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیـیەوە لە پاش هێرشە تێرۆرستیـیەکانی شەوی هەینی پاریس. هەروەها دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا FBI حکومەتی ئیتالیای ئاگادار کردووەتەوە کە شیانی هەیە هێرشی تێرۆرستی بکرێتە سەر ناوچە مێژوویـیەکانی ئیتالیا.

XS
SM
MD
LG