Accessibility links

نەتانیاهو بەنیازی سەردانی ڕووسیایە


سەرۆک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت لە هەفتەی داهاتوودا بەرەو مۆسکۆ بەڕێدەکەوێت بۆ وتووێژکردن لە بارەی ڕەوانەکردنی سەربازانی ڕووسیایی بۆ سوریا لەم دواییەدا.

نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهو ئەمڕۆ چوارشەممە گوتیان بڕیارە بنیامین نەتانیاهو لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا مەترسیـیە نوێـیەکانی ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبنەوە باسبکات لە ئەنجامی ڕەوانەکردنی چەکی پـێشکەوتوو لە لایەن ڕووسیاوە بۆ سوریالەم دوایـیەنەدا.

ئیسرائیل بە تایبەتی نیگەرانە لەوەی ئەم چەکە پـێشـکەوتووانەی ڕووسیا بگاتە دەسـتی حزبوڵڵای لوبنانەوە.

لە هەفتەی ڕابردوودا ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە کە هێزەکانی ڕووسیا گەیشتوونەتە سوریا و خەریکی دامەزراندنی بنکەی هێزی ئاسمانین بۆ دەستپێکردن بە هێرشی ئاسمانی دژ بە داعش.

جێی بیرهێنانەوەیە ڕووسیا پشتیوانی حکومەتی ئەسەدی کردووە لەوەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا، کە بۆتە مایەی کوژرانی زیاتر لە 250 هەزار کەس کە زۆربەیان خەڵکی سیڤیلین.

ئیسرائیل تاکو ئێستا خۆی بێ لایەن لەو شەڕەی سوریا نیشانداوە، بەڵام نیگەرانە لە بارەی سەرکەوتنی هەر یەکە لە لایەنەکانی ئەو شەڕە.

XS
SM
MD
LG