Accessibility links

کۆچی دوایی شەمعون پـێرێز


شەمعون پـێرێز سەرۆکی پـێشووی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە تەمەنی 93 سـاڵی لە گەورەترین نەخۆشخانەی ئیسرائیل کۆچی دوایی کرد. دوو هەفتە لەمەوبەر باری تەندروسـتی تێـکچوو و بەرەو سەنتەری تەندروستی شیبای تەل ئەڤیڤ برا پاش ئەوەی دووچاری جەڵتەی میشک بوو.

شەمعون پـێرێز ساڵی 1923 لە پـۆڵەندا لە دایکبوو. باوکی بازرگان بوو و دایکیشی مامۆستا. ساڵی 1934 خێزانەکەی بۆ تەل ئەڤیڤ کۆچیان کرد. هەر لە تەمەنی گەنجێتیـیەوە لە خەمی نەتەوەکەیدا بووە و ساڵی 1947 گەیشتووەتە سەرکردایەتی ڕێـکخراوی هەجانە کە بەرپـرس بوو لە بەرگریکردن لە جووەکان لەو سەردەمەی وڵاتەکەیان لە ژێر دەستی بەریتانیا بوو. لەوێ کاری پەیداکردنی چەک و ڕاکێشانی گەنجانی جوو بووە بۆ ڕێکخراوەکەیان. پاش ئەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 1948 ڕاگەیەندرا، بوو بە دیپـلۆماتێـکی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل و کاری پەیداکردنی چەک بوو بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل.

توانا و لێهاتوویەکەی وەهای لێکرد چەندان پـۆستی باڵای حکومەتی وڵاتەکەی بگرێتەدەست. هەر لە وەزیری دارایی هەتا وەزیری دەرەوە و جێـگری سەرۆک وەزیر و سەرۆک وەزیر و دواتر سەرۆکی وڵات.

لە ساڵی 1992 لەو کاتەی وەزیری دەرەوە بوو، دەسـتیکرد بە دانوسـتاندن لەگەڵ ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین هەتا توانی لە مانگی نۆی ساڵی 1993 بە ڕێـکەوتنێـک بگەن بە ناوی "ڕێـکەوتنـنامەی ئۆسلۆ" . مانگی دەی ساڵی 1994 ڕێـکەوتنـنامەی ئاشتی لەگەڵ ئوردن مۆرکرد، هەر لەو ساڵە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی وەرگرت لەگەڵ یاسر عەرەفات و ئیسحاق ڕابین سەرۆک وەزیری ئەو سەردەمەی ئیسرائیل. لە ساڵی 2007 هەتا سـاڵی 2014 سەرۆکی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند ژمارەیەک لە ڕێبەرانی جیهان ڕۆژی هەینی بەشداری لە پـرسەکەیدا دەکەن، لەوانە براک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا و شازادەی چارلزی بەریتانیا.

ئیمانۆێل نەحشون گوتیشی ڕۆژی هەینی لە گۆڕستانی هرتزل، لەو شوێنەی تەرمی ژمارەیەکی زۆری ڕێبەرانی ئیسرائیل لێ بەخاکسپێردراوە.

سەرۆک ئۆباما پـرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی حکومەت و گەلی ئیسرائیل کرد​ و گوتی ئەم هاوڕێـیەم هەرگیز بۆ ڕۆژێـکیش هیوای لەدەسـت نەداوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی.

XS
SM
MD
LG