Accessibility links

دادگایەکی ئیسرائیل بڕیاری 18 مانگ زیندانی بۆ سەربازێـک دەدات بە تۆمەتی کوشتنی فەڵەستینیـیەک


دادگایەکی لەشکری ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤ بڕیاری 18 مانگ زیندانی بۆ سەربازێـکی وڵاتەکەی دەرکرد بە تۆمەتی کوشتنی فەڵەستینیـیەکی هێرشبەری بریندار لە کەناری ڕۆژئاوا.

دادگاکە ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاری دا ئیلئوور ئازاریای تەمەن 21 ساڵ ئەم سزایە بدرێت بە تاوانی کوشتنی بەبێ مەبەستی عەبدولفەتاح شەریف، ئەوەی لە 24 ی مانگی سێی ساڵی 2016 لەگەڵ فەڵەستینیەکی دیکە بە چەقۆ هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی لە شاری خەلیلی کەناری ڕۆژئاوا و پاشان لە لایەن سەربازەکانەوە کوژران.

پێشتر لە مانگی یەک 3 دادوەری لەشکری تۆمەتی کوشتنی بە مەبەستیان ئاڕاستەی ئیلئوور ئازاریا کرد، ئەگەر لە دادگاکەی ئەمڕۆ ئەم تۆمەتەی بەسەردا ساغ ببوایەتەوە، ئەوا شیانی هەبوو هەتا 20 ساڵ حوکمی زیندانی بدرێت.

بڕیاری دادگاکەی ئەمڕۆ کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە. بەشێـک لە ئیسرائیلیـیەکان لە دژی سزادانی سەربازەکەن، دەڵێن لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەی هێرشبەرێـکی فەڵەستنی کوشتووە، بۆیە دەبێت لێبوردنی بۆ بڕیاربدرێت.

بەڵام زەهاڤا گلئۆن سەرۆکی بزوتنەوەی میرتسی ئیسرائیلی لە دژی دەرکردنی لێبوردنە و دەڵێت ئەوە سووکایەتیکردن دەبێت بە بڕیاری دادگا.

لە لایەکی دیکە دەسەڵاتدارێتی فەڵەستینیـیەکان لە ڕامەڵڵا ئەمڕۆ لە دانیشتنی هەفتانەی بڕیاری دادگاکەی بە سزایەکی سووک بۆ سەربازەکە ناودێرکرد. دەڵێت "ئەمە وەکو هەڵکردنی گڵۆپی سەوزە وایە بۆ سەربازانی ئیسرائیلی تاوەکو بەردەوامبن لە کوشتنی فەڵەستینیـیەکان."

XS
SM
MD
LG