Accessibility links

جان کێری: داوای ڕاگرتنی توندوتیژیـیەکانی نێوان ئیسرائیلیـیەکان و فەڵەسـتینیـیەکان دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا داوایکرد ئەو توندوتیژیانە ڕابگیرێن کەوا ماوەی سێ هەفتە لە نێوان ئیسرائیلیـیەکان و فەڵەسـتینیـیەکان هەڵگیرساون.

جان کێری ڕۆژی پـێـنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهو گوتی "دەبێت سنوورێـک بۆ هاندان و ئەو توندوتیژیانە دابنرێن و ڕێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە."

پاشان وەزیری دەرەوە ڕووی دەمی کردە نەتانیاهو و گوتی" بڕوامان بە تواناکانمان هەیە کە دەتوانین گۆڕانکاری ئەنجام بدەین، بۆیە ئومێدەوارم بتوانین لەم بابەتە بەرەوپـێشچوون بەدەستبهێنین."

نەتانیاهو لای خۆی گوتی ئەو توندوتیژیانە لە ئەنجامی هاندانی ڕاستەوخۆیە کە کراون لە لایەن حەماس و بزوتنەوەی ئیسلامی لە ئیسرائیل و سەرۆک مەحمود عەباس و دەسەڵاتی فەڵەستینی.

گوتیشی" پـێیوایە کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە ڕوونی داوا لە سەرۆک عەباس بکات درۆ و دەلەسەکانی لە بارەی ئیسرائیلەوە ڕابگرێت."

پاشان وەکو نمونە باسی لە ڕووداوەکەی ئەمڕۆی بێت شیمیشی ڕۆژئاوای ئۆرشەلیم کرد کە چۆن دوو فەڵەسـتینی کراسیان لەبەردابووە و ئاڵای باڵی چەکداری حەماسی لەسەر بووە و هەوڵیان دابوو هێرش بکەنە سەر پاسێـکی پـڕ لە خوێندکار.

شایەنی باسە بەهۆی توندوتیژیـیەکانی ئەم دوایـیانەی نێوان ئیسرائلیـیەکان و فەڵەسـتینیـیەکان دەیان کەس لە هەردوو لایان کوژراون.

XS
SM
MD
LG