Accessibility links

کوڕێـکی 17 سـاڵ لە ئەمەریکا 7 هەزار جار لە تویتەر شتی بۆ پشـتیوانیکردن لە داعش نووسیوە


کوڕێـکی تەمەن 17 سـاڵ لە ئەمەریکا دانی بەوەدا نزیکەی7 هەزار جار لەسەر تویتەر شتی نووسیوە بۆ پشـتیوانیکردن لە داعش و هەروەها کارئاسانی بۆ کەسێـکی 18 سـاڵ کردووە تاوەکو گەیشتووەتە سوریا و پەیوەندی بەو گروپەوە کردووە.

عەلی شوکری ئەمین کە ڕەگەزنامەی ئەمەریکایی وەرگرتووە، لە بەردەم دادگایەکی ڤێرجینیا دانی بە تاوانەکانی نا کە چۆن یارمەتی ئەم گروپە تێرۆرسـتیـیەی داوە لە ڕێگەی ئنتەرنێتەوە.

ناوبراو خوێندکار بووە لە ئامادەیـیەکی شاری مەناسسی ویلایەتی ڤێرجینیا و لە مانگی شەشی سـاڵی 2014 وە هەتا مانگی دووی سـاڵی 2015 تویتەرەکەی کردبووە شوێنێـک بۆ پشـتیوانیکردن لە داعش. دەڵێن زیاتر لە 4 هەزار کەس نووسینەکانیان لەسەر تویتەرەکەی خوێندووەتەوە.

هەروەها کەسانی سەر بە داعشی فێرکردووە چۆن بتوانن ناسنامەی خۆیان لەسەر ئنتەرنێت بشارنەوە و چۆنیش پەیوەندیـیەکانیان کۆدبکەن.

دەشڵێن لە مانگی نۆی سـاڵی 2014 کاری کردووەتە سەر کەسێـکی 18 سـاڵ تەمەن لە ویلایەتی ڤێرجینیا و وەهای لێکردووە ببێت بە داعش و پاشان یارمەتی داوە چۆن بەرەو تورکیا بڕاوت و لەوێوە بۆ سوریا.

عەلی شوکری بە دادگاکەی گوتووە یارمەتی ڕەزا نیکنەژادی داوە بگاتە ئستەنبوڵ و پاشان لەوێوە کەسانی سەر بە داعش بەرەو شاری ئۆرفەیان بردووە و لەوێوە بۆ ناو سوریا.

ڕەزا دوای گەیشتنی بۆ ناو سوریا نامەیەکی بە ڕێگەی عەلی بۆ کەسوکاری ناردووە و تیایدا نوسیویەتی ئیدی چاوی پـێـیان ناکەوێتەوە.

بڕیارە دادگا لە 28 ی مانگی هەشت حوکمی خۆی لەسەر عەلی شوکری ئەمین بدات.

XS
SM
MD
LG