Accessibility links

داعش لەڕێی سیستمێکی رێکخراو و تۆکمەوەو لەڕێی سەرکردایەتییەکی باڵاوە بەناوی خەلافەتەوە هەستا بە داڕشتنی چەندین بازنەی بەڕێووەبردن و سەرپەرشتیکردنی بازنەکانی شەڕو کۆکردنەوەی دارایی و بەڕێوەبردنی ئەو موڵک و دارییانەی کە دەستیان بەسەرەدا دەگرت.

ستراتیژی داعش هەر لەسەرەتاوە پەلاماردان و داگیرکردنی ئەو ناوچەو شارانە بوو کە دەوڵەمەند بوون بە کێڵگە نەوتییەکان و پاڵاوگەی سوتەمەنی کارگە وەک رققەو دێرئەلزور و فەلوجە و موسڵ...تاد، هەروەها داگیرکردنی شارە دێرین و شارستانییەکانی سوریا و عێراق تەنها لەپێناو کاولکردنیاندا نەبوو، بەڵکە بۆ تاڵانکردن و فرۆشتنەوەی کەلەپور و کەرەستە مێژووییەکان بووەو داهاتێکی گەورەی بۆ دەستەبەر کردوون کە بەپێی لێکۆڵینەوەو بەدواداچونەکانی شارەزایانی ئەمریکا؛ داعش بەهۆی فرۆشتنەوەی ئەو کەرەستە و گەنجینە دێرینانەوە لەساڵی 2014 ەوە تا 2016 زیاد لە 100 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە.

شارەزایان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە داهات و سەرچاوە ئابورییەکانی داعش بۆخۆی مەترسییەکی گەورەترە لەو کردەوە تیرۆریستیانەی ئەنجامی دەدات:

داهاتی نەوتی داعش 50 ملیۆن دۆلارە لە مانگێکدا بەپێی هەندێک سەرچاوە نزیکەی 1.095 یەک ملیارد و 95 ملیۆنە لە ساڵێکدا

هەروەها 489 ملیۆن دۆلار لەڕێی گازی سروشتییەوە دەستدەکەوێت.، 300 ملیۆن دۆلار لەڕێی بەرهەمهێنانی فۆسفاتەوە، 292 ملیۆن دۆلار لەڕێی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆوە، 200 ملیۆن لە ڕێی بەرهەمی گەنم و کوشتوکاڵییەوە، 20 بۆ 40 ملیۆن دۆلار لەڕێی زەکات و باجەوە، زیاد 100 ملیۆن دۆلار لەڕێی تاڵانکردن و فرۆشتنەوەی ئەنتیک و کەرەستەی شوێنەوارە دێرینەکانەوە و هاوکات 500 ملیۆن بۆ 1 ملیار دۆلاری لەڕێی تاڵانکردنی بانکەکانەوە دەستکەوتووە.

لەبەرئەوە بە ئامنجگرتنی سەرچاوە ئابوری و بازرگانییەکانی داعش لەلایەن روسیاو ئەمریکاو هاوپەیمانانەوە حەشارگەو نهێنی گەورە ئاشکرا دەکەن.

سێلینا ریالیۆیۆ شارەزا لە کاروباری بەرگری لە چاوپێکەتنێکمدا لەگەڵیدا بۆ دەنگی ئەمریکاباسی لە ناوبردنی سەرچاوە ئابورییەکانی داعش دەکرد وتی:

" داعش جیاوازییەکی هەیە، سەرچاوە ئابوریەکانی دەرەکی نیین، بەڵکە لەو شوێنانەوە دەستیدەکەوێت کە کۆنترۆڵیان دەکەن، کە پێکهاتوون لە باج وەرگرتن و فڕاندنی خەڵک و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ و بە زۆر کڕین و فرۆشکردن بە ئافرەتەوە و سپیکردنەوەی پارە.....زۆرێک لەو نەوتەی کە داعش بەرهەمی دەهێنێت لەناوخۆدا فرۆشراوە، بەڵام کوردەکان بە هۆی کۆنترۆڵکردنەوەی شەنگالەوە توانیان سەرەکیترین رێگەی نێوان موسڵ و سوریا کۆنترۆڵ بکەن، لەڕاستیدا پێویستە ئەو کێڵگە نەوتیانە لەژێر دەستی داعش دەربهێنرێت و ئەو بازاڕانەشیان لێ زەوتبکرێت کە پشتیوانیان دەکەن. "

شایەنی باسە پاش رزگاردنی ئەو ناوچانە لەلایەن هێزی پێشمەرگەو هێزە کوردییەکانەوە؛ داعش هەڵدەستێت بە سوتاندن و گرتێبەردانی ئە کانە نەوت و پاڵاوگانە.

ستراتیژی ئابوری و دارایی داعش

داگیرکردن و کۆنترۆڵکردنی هەندێک لە سه‌رچاوه‌ی‌ ئاو و كێڵگه‌ی‌ نه‌وت لە ناوچەکانی سوریا و عێراق؛ هاوكارییه‌كی‌ ماددی‌ له‌راده‌به‌ده‌ر بۆ‌ رێكخراوه‌كه‌ دابیندەکات، هه‌ر له‌ده‌رهێنانی‌ نه‌وت و مامه‌ڵكردن و گواستنه‌وه‌ی‌ له‌رێی‌ وشکانی و بۆریه‌ نه‌وتیه‌كان و رێره‌وه‌ ئاویه‌كانەوە ‌.

داعش لەساڵی 2014 ەوە تا ئێستا دەستیبەسەر کۆمەڵێک دەریاچەو بەنداودا گرتووە:
- ده‌ریاچه‌ی‌ ئه‌سه‌د له‌سوریا؛ كه‌‌گه‌وره‌ترین به‌نداوی‌ ئه‌و وڵاتەیە.
- به‌نداوی‌ فه‌لوجه‌ له‌عێراق

-به‌نداوی‌ موصڵ‌.

-خاڵی سنوری نێوان عێراق و تورکیا.

-چەندین خاڵی سنوری نێوان سوریا و تورکیا.

كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ ژێرده‌سەڵاتی‌ داعش


- كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی (دێرئەلزور) كه‌ ‌گه‌وره‌ترین كێلگه‌ی‌ نه‌وتی‌ سوریایە. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌كان بڵێن داعش كۆنترۆڵی‌ (%60) نه‌وتی‌ سوریای‌ كردوه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌پێی زانیارییه‌ ناوخۆییه‌كانی سوریا، داهاتی رۆژانه‌ی داعش له‌ فرۆشتنی نه‌وت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی به‌رهه‌مده‌هێنرێت، داهاتی‌ به‌ده‌ستهاتوی‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی‌ (1.500)یه‌ك ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار دۆلار. ئه‌مه‌ش له‌به‌رامبه‌ر به‌رهه‌مهێنانی‌ (50)هه‌زار به‌رمیل و فرۆشتنی‌ هه‌ر به‌رمیلێك به‌(30) دۆلار له‌رۆژێكدا، هه‌ندێك جار زیاد و كه‌میش به‌سه‌ر ئه‌م نرخه‌دا دێت، چونكه‌ داعش له‌بازاری‌ ره‌شدا نه‌وته‌كه‌ی‌ ساغ ده‌كاته‌وه‌.

داگیرکردنی پاڵاوگه‌ی‌ نه‌وتی‌ بێجی‌ له‌باكوری‌ تكریت، كه‌گه‌وره‌ترین پاڵاوگه‌یه‌ له‌عێراق و به‌رهه‌می‌ رۆژانه‌ی‌ به‌ (200)هه‌زار به‌رمیل مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت. بۆ ماوەیەک لەلایەن داعشه‌وه‌ كۆنترۆڵكرا بوو‌.
- ده‌ستگرتن به‌سه‌ر هه‌ردوو كێڵگه‌ی‌ ( عین زاله‌ و به‌تمه‌) له‌زوممار له‌پارێزگای‌ موصڵ، ئه‌مه‌ش به‌واتای‌ ده‌ستگرتنی‌ ته‌واو دێت به‌سه‌ر رێره‌وه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ نێوان عێراق و توركیا، كه‌له‌ زومماره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن و بری‌ به‌رهه‌میشیان به‌(20) هه‌زار به‌رمیل مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت له‌ رۆژێكدا.
- ده‌ستگرتن به‌سه‌ر هه‌ردو كێڵگه‌ی‌ ( گیاره‌ و نه‌جمه‌) له‌ پارێزگای‌ (نه‌ینه‌وا- موصڵ)، كه‌ رۆژانه‌ داعش له‌رێگه‌ی‌ سنوری‌ سوریاوه‌ نه‌وتی‌ لێوه‌ ره‌وانه‌ی‌ بازاره‌كان دەکرد.

سەرچاوەکانی داهاتی داعش

هاوكاریكردن و کۆمەککردنی داعش کە تا ئەوڕۆکە ئەو پەیوەندیانە بە نهێنی ماونەتەوە، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا هیچ ده‌وڵه‌تێك به‌ ئاشكرا ڕاینه‌گه‌یاندوه‌ كه‌ پشتگیری (داعش) ده‌كات.

-فرۆشتنی نەوت له‌بازاری‌ ره‌شدا.
- داعش لە ڕێگه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌و به‌بارمته‌گرتن و رفاندنی‌ كه‌سانی بیانی وده‌وڵه‌مه‌ندو خەڵکانی ئاساییەوە‌ دەستدەکەوێت.

-تاڵانکردنی بانکەکان: داعش به‌شێك له‌داهاتی‌ رێكخراوه‌كه‌ی‌ له‌رێی‌ تاڵانکردنی‌ بانكه‌كانه‌وه‌ دەستدەکەوێت، ئه‌ویش پاش ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی‌ ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی‌ كه‌ بانكه‌ گشتیه‌كانی‌ تێدایه‌، له‌ژێر ناوی‌ غه‌نیمه‌ی‌ جیهاد و دەستکەوتەکانی خەلافەت. وه‌ك کۆنترۆڵکردنی بانكی‌ (موصڵ) كه‌ 2014 رۆژنامه‌ی‌ (واشنتۆن پۆست) بڵاوی‌ كرده‌وه‌، كه‌ داعش نزیكه‌ی‌ (425) ملیۆن دۆلار له‌برینی‌ بانكی‌ موصڵ و (5) ملیۆن دۆلاری‌ له‌رێگه‌ی‌ به‌تاڵانكردن و به‌غه‌نیمه‌كردنی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ هاونیشتیمانیانی‌ ناوچانه‌جیاوازه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌وه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌.
-هاوکات لەشاری ‌تكریت، كاتێك كه‌ ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر (300) ملیار دیناری‌ گه‌نجینه‌ی زانكۆی تكریت، له‌گه‌ڵ دزینی (31)ملیار دیناری‌ دیكه‌ی‌ عێراقی‌ له‌ بانكی كشتوكاڵی و رافیده‌ین.

- سەرچاوەیەکی دیکەی داعش‌ له‌ڕێی‌ ئه‌و خانمانه‌وه‌ دەستەبەردەکەن كه‌ وه‌ك غه‌نیمه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌و له‌بازاردا وه‌ك جارییه‌ كڕین و فرۆشتنیان پێوەده‌کات. وەک کچاننی و خانمانی یەزیدی كه ‌له‌ له‌بازاره‌كانی‌ موسڵ و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتیاندا لە سوریا و عێراق مامه‌ڵەی کڕین فرۆشیان پێوەدەکرێت.
- سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ داهاتی‌ داعش ، له‌رێگه‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ باج و خه‌راج له‌هاوڵاتیان و له‌بازار و کاڵای‌ هاورده‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سنوره‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامیه‌وه‌ دەستدەکەوێت. بۆنمونه‌ له‌زۆرێك له‌و ناوچانه‌ی‌ کە کە لەژێر دەسەڵاتی داعش‌ دان، بە یاساو رێسای خەلافەت باجیان له‌سه‌ر خه‌ڵكه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ داناوه‌و ده‌بێت (2.5%) داهاتیان بده‌ن‌ بە دەستەی دارایی خەلافەتەکەی داعش.
بەپێی سەرچاوەکان؛ نوسینگه‌كانی ‌ده‌سته‌ی‌ دارایی‌ داعش له‌ ره‌ققه‌ی‌ سوریا مانگانه‌ بڕی (2) هه‌زار لیره‌ له‌هه‌ر خێزانێك وه‌رده‌گرن، كه‌به‌رامبه‌ره‌ به‌بری‌ (13.2)دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌، ئه‌مه‌ش له‌بری خزمه‌تگوزاری‌ و دابینكردنی ئاو و كاره‌با بۆیان.
هاوكات دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ مانگانه‌ بڕی(500) لیره‌یان لێوه‌رده‌گیرێت، له‌به‌رامبه‌ر دابینكردنی‌ ئاسایش و پاراستنیان له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌.

هاوکات لیژنه‌كانی سه‌ر به‌ داعش باجی ساڵانه‌ له‌سه‌ر سه‌رمایه‌ی هاوڵاتیان وه‌رده‌گرن كه‌ ناونراوه‌ (زكات البیت مال المسلمین)، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت داعش له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبونی‌ ده‌سه‌ڵاتیدا له‌ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ش هه‌مان سیاسه‌ت په‌یره‌وبکات.

كۆكردنه‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ له‌داهات له‌رێگه‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ سه‌رانه‌(جیزیه‌) له‌و كه‌مه‌ ئاینیانه‌ی‌ كه‌ ئاماده‌ن له‌ژێر سایه‌ی‌ قه‌ڵه‌مره‌وی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ و خه‌لیفه‌دا بژین، بەڵام ئەوانەی کە نایانەوێت لەژێر سایەی خەلافەتەکەیاندا بژین دەبێت سەروەت و سامان و ماڵ و موڵکیان بۆ داعش بەجێبهێڵن؛ ئەمش بۆخۆی داهاتییەکی دیکەیە بۆ داعش.

-بەپێی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی دارایی ئەمریکا داعش نزیکەی 100 ملیۆن دۆلاریوەدەستهێناوە له‌رێی‌ به‌تاڵانبردنی‌ سه‌روه‌ته‌ نیشتیمانی‌ و ئاسه‌واره‌دێرینه‌كان له‌عێراق و سوریا و ناوچەکەدا.

دواجار هه‌مو ئه‌م سه‌رچاوه‌ داراییانه‌ پێگه‌یه‌كی‌ به‌هێزیان به‌خشیوه‌ته‌ داعش، به‌چه‌شنێك كه‌داهاتی‌ به‌ده‌سهاتوی‌ ئه‌م رێكخراوه‌ به‌پێی‌ راپۆرتێكی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ ئه‌مریكا و وەزارەتی دارایی و دەرەوەی ئەمریکا به نزیکەی‌ (3 ملیار دۆلار) خه‌مڵێنراوه‌. ئه‌مه‌ش به‌به‌راورد به‌سه‌رمایه‌ی‌ رێكخراوه‌ تیرۆریستی‌ و شۆرشگێره‌ جیهانیه‌كان زۆر زیاتره‌، به‌جۆرێك داعش ده‌خاته‌ ریزی‌ پێشه‌وه‌ی‌ ئه‌و رێكخراوانه‌ له‌روی‌ سه‌رمایەگوزاری نافەرمییەوە دەستدەکەوێت ‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ چاودێران ناوی‌ داعش ببه‌ن به‌ده‌وڵه‌مه‌دترین رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ له‌جیهاندا کە مەترسییەکی گەورەی هەم تیرۆریستی و هەم ئابورییە لاناوچەکەو جیهاندا درووستکردووە.

دەرئەنجام

-هێشتنەوەی ئەو کێڵگە نەوتیانە بەردەوامیدانە بە دەوڵەمندبوونی داعش و دەستڕۆیشتن و بەرپاکردنی کۆمەڵە پەیوەندییەکی ژێربەژێری بازرگانی و قاچاخچێتی بەنەوت و بەرهەمەکانی و کەرەستە و گەنجینە دێرینەکان.

-ئایا دۆزینەوەی تۆڕەکانی بازرگانی و مەرز و سنورەکانی قاچاخچێتی و دەستڕۆیشتنی خەلافەتەکەی داعش؛ تێکڕا دۆزینەوەی کلیلەکانی ئەو ئیمپراتۆریتە مەترسیدارەی تیرۆر نیە لەناوچەکەدا و ئاشکرابوونی سەرچاوەی هێز و توانستەکانی ئەم خەلافەتی تیرۆرە نیە؟

-ئایا رایەڵەکانی هێز و توانستە هەم چەکداریی و هەم داراییەکان و هاموشۆ و سەروکاریی بازرگانییەکانی داعش تەنها تۆڕێکی نێوخۆییە یان یان تۆڕێکی ناوچەیی و جیهانییە؟

سەرچاوەکان:

USA state department

USA Department of Treasury

Medium corporation US

https://medium.com/matter/isis-as-start-up-explosive-growth-highly-disruptive-super-evil

www.sbeiy.com/ report; Gailan Abas

XS
SM
MD
LG