Accessibility links

بەکر عەلی: داعش زیانێکی زۆر گەورە بە ئاینی ئیسلام دەگەیەنێت


بەشێک لە شارەزایان لە ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوا رایانوایە کە داعش و رادیکالیزم تەنها هێزگەلێکی سەربازی کوشندە نین تەنها لەڕێگەی هەڵمەتە سەربازییەکان و رزگارکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان کۆتاییان پێبهێنرێت، بەڵکو داعش و ئیسلامییە توندڕەوەکان بەرلەوەی هێزێکی چەکداریی بن؛ هێزێکی ئایدۆلۆژی و بیروباوەڕامێزن.

وردبوونەوەو راڤەکاری سەبارەت بە کۆی ئەو هێز و تۆڕە تۆکمە و یەکانگیرە داعش و سەلەفیزم یان توندڕەوەکان تێکڕا راماندەگرێت لەبەردەم کۆمەڵێک روانین و دنیابینی جیاواز و ئەکادیمیدا بۆ پتر تێگەیشتن لەشوناسی هێزێکی ئایدۆلۆژی و هزرئامێزی خەلافەتگەراییەکەی داعش و تۆڕەکانی تیرۆر لەخۆرهەڵات و خۆرئاوا.

سەبارەت بە بایەخی ئەم پرسە ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و روناکبیر بەکر عەلیدا سازکردووە.

بەکر عەلی دەڵێت "هەموو تەوژمێکی رادیکالیزم پتەوبوونی لەوەدایە کە بتەوێت بە هێز چارەسەری بکەی" . هەروەها دەڵێت "هەر کاتێک بتەوێت بەهێز مامەڵە لەگەڵ تەوژمێکی رادیکالیزمی وەک داعش و سەلەفیزم یان فەناتیزمی ئاینیدا بکرێت، ئەوان زیاتر پتەودەبن، چونکە بزوتنەوەیەکی لەوجۆرە بزوتنەوەیەکی چەکداریی رووت نییە، بەڵکو ناوەخنکراوە بە عەقیدەو دۆگما و ئایدۆلۆژیا، واتە دۆگمایەکی ئاینی هەیە کە باوەڕێکی میتافیزکیان هەیە کە ئەو شەڕەی کە دەیکەن لە پێناو خوادایە....."

سەبارەت بە هەنگاوەکانی دوای شکستی داعش بەکر عەلی دەڵێت "دەبێت هەنگاوێک لەهەنگاوە گرنگەکانی دواتری ئەو قۆناغە بریتی بێت لەوەی کە پرۆگرامێکی گەورەی وەک شەڕکردن لەگەڵ فیکری داعشیزمدا بەشێوەیەکی گشتی رێکبخرێت بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو تەوژمە. ئەگەر نا کۆتاییپێهێنانی چەکدارێکی داعش نابێتە مایەی کۆتاییپێهێنانی فیکریی داعشیزم" .

هاوکات لەبارەی تۆڕی تیرۆریزمی داعشەوە لە خۆرئاوا بەکر عەلی دەڵێت "لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا چەندین چالاکی تیرۆریزمی لەئەروپا و لەئەمریکا ئەنجامدراوە کە هەمووی پەنجەمۆری داعشی پێوەدیارە، وەئەو رووداوانە بەڵگەن لەسەر ئامادەبوونی پتەوی فیکری داعشیزم لەناو ئەو وڵاتانەی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی".

هەروەها دەشڵێت "ئەوەی لەسەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسیدا پێدەوترا فەتح ئەمڕۆ پێدەوترێت جیهاد لەمانا داعشییەکەیدا".

سەبارەت بە داعش و جیهانی ئیسلامی بەکر عەلی دەڵێت "لەڕاستیدا داعش زیانێکی زۆر گەورە دەگەیەنێت بە ئاینی ئیسلام".

هەروەها "لەڕاستیدا ئەوەی دەبوایە لەهەموو لایەک زیاتر بهاتبایەتە دەنگ جیهانی ئیسلامییە کە لەئاست ئەو کردەوانەی داعشدا بێدەنگن".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن....

XS
SM
MD
LG