Accessibility links

بەکر عەلی باس لە خۆرئاوا و جیهادگەرایی تیرۆر دەکات لە ئاستێکی ترسناکدا


تیرۆر لە خۆرئاوا، راڤەکاری و شیکردنەوەی ئەو فەنتازیا و عەقڵیەتە کوشندەییەی کە لەپشت ئەو جیهادیانەوە ئامادەگی هەیە بۆ بەرپاکردنی هێرشی وەک ئەوەی شاری نیس لە فەرەنسا و هاوکات چەقۆکێشەکەی داعش لە ئەڵمانیا جێی لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی و وتووێژینەوەی رژدن. جیهادییەکان و ناوەندە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە ئەوروپا تێکڕا بونەتە جێی پرسیار و لێکۆڵینەوە. کردنەوەی چەندین دەروازەی راڤەکاریی و وردبونەوە لە تیرۆر و جیهادگەرایی تێکڕا چاودێرانی خستۆتە بەردەم کۆمەڵێک رەهەندی جومگەیی کە تێکڕا گفتوگۆو شیکاریی گەورە دەخوازێت، رەوشی مرۆڤبوون و مەترسی لەسەر تەواوی بەها مرۆیی و سروشتی و مۆڕاڵی و مێژووییەکانی مرۆڤایەتی راماندەگرێت لەبەردەم گومان و بەرپرسیارێتی گەورەدا. کێشەکە تەنها تیرۆر نییە، داعش و مەترسییەکانی تیرۆر سەرجەم جیهانی لەیەک گۆڕەپانی جەنگ و پڕ کێشمەکێشی سەربازی و ناوچەیی و ئاینییدا کۆکردەوە، بەڵام ئایا خودی مرۆڤ و پەروەردە و ئاین و جیهان بەشدار نیین لەم نەهامەتییە گەورەیەدا

ئایا جیهادییەکان و رادیکالیستە ئیسلامییەکانی خۆرئاوا مەترسییەکی گەورەی شارستانی و کۆمەڵایەتین بۆ وڵاتانی خۆرئاوا؟

بۆ ئەم مەبەستە ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە بۆ بەرنامەی رەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و لێکۆڵەرەوە بەکر عەلی سازکردووە.

بەکر عەلی دەڵێت"جیهاد و تیرۆر وەک فۆرمێکی گرنگی جیهادی مۆدێرن پشتئەستور بە بنەما ئاینییەکەی خۆی کە قورئانە؛ فەرمودەکانە، بەمپێیە ئەم رووداوانەی کە روودەدەن لەئاستی کۆدا یان تاکوتەرادا بێت خاڵی نیە لەهیچ بنەمایەکی ئاینی خۆی؛ بەڵکو لەو سەرچاوە ئاینییەی خۆی ئاوی خواردۆتەوە"

هەروەها دەڵێت "ئەو دوو کردەوە تیرۆریستییەی کە لەفەرەنساو ئەڵمانیادا رویاندا بەڵگەنەویستەیەکی تەواوە کە لەناو فیکری سیاسی ئیسلامدا تیرۆر فۆرمی جۆراوجۆر و جیاوازی هەی؛ لەکوێدا دەرفەت هەبوو کەسێکی جیهادیست دەتوانێت هەستێت بەکارێکی جیهادیانە"

سەبارەت بە هاندەرە هەرە بنەڕتییەکانی تیرۆریستە جیهادییەکان بەکر عەلی دەڵێت "لەڕاستیدا ئەوان پشتئەستورن بەیەک بنەما؛ ئەویش ئەوەیە کە جیهاد ئەوەیە کە لەکوێدا دەتوانیت چالاکی بنوێنیت دەتوانیت بەهەر شێوەیەک بێت بەرامبەر هەر کەسێک بێت و لەهەر کاتێکیشدا بێت"

هاوکات دەڵێت "بزانین ئەو عەقڵیەتە چییە کە ئەگاتە ئەو بڕاوایەی بچێتە ناو شوێنێکی گشتییەوە و خەڵکانی بێ چەک و بێ گوناه بێ بەرپرسیار لەهیچ کێشەیەکی دنیا؛ بچیت تۆ بە لۆرییەک بیانشێلیت یان بە چەقۆ و تەور زامداریان بکەیت و بیانکوژیت. ئەم عەقڵییەتە، ئەم باوەڕە لەچییەوە هاتووە، ئەم عەقیدە دینییە چۆن هانی مرۆڤێکی وا دەدات پەروەردەی بکات و ببێت بە دڕندەیەکی ئەوتۆ کە خەڵکی بێ گوناه و سیڤیڵ بکوژێت. ئەمە پرسیارێکە دەبێت بمانگەڕێنێتەوە بۆ جەوهەری ئەو ماددەیەی کە ئەم بونەوەرەی دروستکردووە، جگە لەدین هیچ شتێکی تر نیە"

هەروەها لەبارەی دنیابینی سیاسی ئەوروپییەکان لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەکر عەلی دەڵێت "سیاسەتی خراپی ئەورپییەکان لەپێناو بەرژەوەندی ئابوری خۆیاندا چاوپۆشیان لە زۆرێک لە رژێم و سیستمە دیکتاتۆرییەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەرەو خوار کردووە، ئەوەش بۆتە مایەی ئەوەی کە ئەو رژێمانە چەوسانەوەیەکی دینی و ئیتنی و کولتوری ئەنجام بدەن و لەئەنجامی ئەو چەوسانەوەیەش ئەو تەقینەوانە لە سوریا و عێراق دا روویدا و گروپگەلێکی زۆریش هەڵاتن بەرەو دەرەوەی ئەو هەرێمەی خۆیان و لەئەوروپا نیشتونەتەوەو لەئەوروپاش وا بەئاسانی دانانیشن. بۆ؟ چونکە ئەمانە بەرهەمی مێژووییەکی درێژی توندوتیژین، تەنها بە کردەوەی تیرۆریستی ئاسودە دەبنەوە".

لە ڕێگەی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن...

XS
SM
MD
LG