Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش جینۆسایدی لە دژی ئێزیدیـیەکان ئەنجامداوە


لـێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن داعش جینۆسایدی لە دژی ئێزیدیـیەکان لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە و دەیەوێت لە ڕێگەی کوشتنکاری و کۆیلایەتی سێـکسی و تاوانی دیکەوە ئەم گروپە نەژادیـیە ئاینیـیە کە زیاتر لە 400 هەزار کەس دەبن لەناوبەرێت.

لێکۆڵەرەوەکان ئەمڕۆ پـێنجشەممە ڕاپـۆرتەکەیان لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە کە لەسەر بنچینەی چاوپـێکەوتن لەگەڵ دەیان کەسی ڕزگاربوو ئەنجامدابوو. نووسیویانە لەوەتای مانگی هەشتی ساڵی 2014 وە چەکدارانی داعش بە بەرنامە ئێزیدی لە عێراق و سوریا دەسـتگیردەکەن، ئەمەش بە ئامانجی لەناوبردنی ناسـنامەیان لە چوارچێوەی هەڵمەتێـکدا کە هەموو خەسەڵەتەکانی یەک دەگرنەوە لەگەڵ پـێناسەکردنی تاوانی جینۆساید بەپـێی پەیمانـنامەی سـاڵی 1948.

پاولۆ پـێنێرۆ سەرۆکی کۆمیتەی لێـکۆڵینەوەکە بە ڕۆژنامەوانانی گوت تاوانی جینۆسایدەکە دەبێت وەها بکات زیاتر کاردانەوەی توندی لەسەر ئاستی سیاسی لە بەرامبەر هەبێت بە تایبەتی لە ئەنجومەنی ئاسایش.

ڤیتیت مونتاربۆرن ئەندامی کۆمیتەکە گوتی زانیاری وردیان لایە سەبارەت بە شوێن و پـێشـێلکاریـیەکان و ناوی تاوانکاران و لە ئێسـتادا دەسـتیانکردووە بە ناردنی ئەو زانیاریـیانە بۆ هەندێـک لە دەسەڵاتدارێتیـیە نێونەتەویـیەکان، ئەوانەی چەکدارانی بیانی دادگایی دەکەن.

کارلا دێل پـۆنتێ لێکۆڵەر لە کۆمیتەکە دەڵێت داعش نایشارێتەوە کە نیازی هەیە ئێزیدیـیەکانی شەنگاڵ لەناوبرێت، ئەمەش یەک لە شتەکانن کە وەهایانکرد بگەینە ئەم ئەنجامەی ئەوەی داعش کردوویەتی جینۆسایدە.

هەر چوار ئەندامی کۆمیتەکە کە کەسانی سەربەخۆن، داوایان لە زلهێزانی جیهان کرد کاربکەن بۆ ڕزگارکردنی بە لایەنی کەم 3200 ژن و منداڵ کە هێشـتا لە ژێر دەسـتی داعشدا ماونەتەوە و هەروەها کەیسەکەیان بخرێتە بەردەم دادگای نێودەوڵەتی.

XS
SM
MD
LG