Accessibility links

کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکا: مەترسی هەیە داعش لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا گروپی خۆی دروسـتبکات


کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکا مەترسی خۆی دەربڕی لەوەی داعش بتوانێت لەگەڵ گروپە توندڕەوەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا پەیوەندی دروسـتبکات و بەیعەتی بکەن.

جەستن سیبیرێـڵ یاریدەدەری ڕێـکخەری کاروباری دژە تێرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی لە واشنتن لە ڕێگەی تی‌ڤی کۆنفراسەوە لێـدوانی دا بۆ ڕۆژنامەوانان لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.

گوتی داعش دەیەوێت لە هەموو ناوچەیەک بڵاوببێتەوە و ئێسـتا چاوی بڕیوەتە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا تاوەکو پەیوەندی لەگەڵ گروپە توندڕەوەکانی ئەو ناوچەیە دروسـتبکات. گوتیشی داعش مێژوویەکی لە پەیوەندی لەگەڵ گروپە چەکدارەکان هەیە لە سەرانسەری جیهاندا، لەوانە لە میسر و لیبیا و نەیجیریا.

باسی لەوەش کرد خەڵک هەبوون بەیعەتی داعشیان کردووە، ئەمەش بۆ ئەمەریکا جێی نیگەرانیـیە. گوتی بۆیە لەگەڵ حکومەتی وڵاتاندا هەرچی لە توانایاندا هەبێت دەیکەن بۆ ڕێگەگرتن لەم هەوڵەی داعش.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد داعش لە ئێسـتادا یەکەیەکی هەیە بە ناوی کەتیبەی نوسانتارا کە چەکدارەکانی خەڵکی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیان. گوتی ڕەنگە ئەمانە لە کۆتایـیدا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان و بـبنە جێی مەترسی.

جێی ئاماژەیە لە سەرەتای مانگی هەشت پـۆلیسی ئەندونیسیا 6 توندڕەوی دەسـتگیرکرد کە بەنیازبوون لە نزیک دورگەی باتام هێرشێـکی موشەکی ئەنجام بدەن. بەپـێی پـۆلیس گیگە ڕەحمەت دیوا ڕێبەری گروپەکە بووە و لەگەڵ بەهرون نەعیم کە لە ئێسـتادا لە سوریا شەڕ بۆ داعش دەکات پـلانی هێرشەکەیان داڕشتبوو.

مانگی یەکیش لە جاکرتا پایتەخت 4 توندڕەوی سەر بە داعش هێرشێـکی چەکداریـیان ئەنجام دا و لە ئاکامدا 4 کەسی سیڤیل کوژران.

هەفتەی ڕابردووش پـۆلیسی سەنگافورا ڕایگەیاند 2 کەسیان دەسـتگیرکردووە پاش ئەوەی هەوڵیان دابوو بەرەو سوریا بچن تاوەکو پەیوەندی بە داعشەوە بکەن.

XS
SM
MD
LG