Accessibility links

داعش ڤیدیۆیەکی لەسەر ئنتەرنێت بڵاوکردۆتەوە و تیایدا هەڕەشە لە ڕێبەرانی ئێران دەکات بەوەی دەیانکوژێت و هێرش لە ناو ئێران ئەنجام دەدات.

ڤیدیۆکە نزیکەی 36 خولەکە بە ناونیشانی"وڵاتی فارس لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا" و تیایدا هێرش دەکرێتە سەر ئێران و بە دەوڵەت و ئاینی ڕافیزە ناوی دەبات.

بە هەردوو زمانی عەرەبی و فارسی لە ڤیدیۆکەدا قسە کراوە و لۆگۆی "ئۆفیسی ڕاگەیاندنی ویلایەتی دیالە" ی لەسەر دانراوە.

لە ڤیدیۆکە پیاوێک بە جلی سەربازی پیشان دەدرێت کە دەموچاوی بەستووە ئاماژە بۆ کۆمەڵێک پیاوی تر دەکات کە لە پشتەوەی وەستاون و ئەوانیش هەمان جلی سەربازییان لەبەردایە، دەڵێت" ئەمە پەیامی ئێمەیە بۆ حکومەتی سەفەوی ڕافیزی. ئەم کەتیبەیەی دەیبینن کۆمەڵێکە لە برا فارسەکان لە کەتیبیەی سەلمان ئەلفارسی."

دوایی ژمارەیەک لەو چەکدارانە تەقە لە چەند وێنەیەکی ڕێبەرانی ئێران دەکەن.

پیاوێکیش بە زمانی فارسی دەڵێت" ئەمە پەیام و ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ کافران و لە ئاین هەڵگەڕاوە مەجوس و ڕەوافزەکان کە دەستان دابگرن و چەکەکانتان لەسەر شانتان بهێننە خوارێ کە بۆ کوشتنی خەڵکی سوننەیە لەسەر زەوی ئەگەر نا ئەوا چارەنووستان وەکو ئەو لە ئاین هەڵگەڕاوانە دەبێت."

بە دوایدا چەند چەکدارێک بە چەقۆ سەری ژمارەیەک پیاو دەبڕن کە جلی سەربازیان لەبەردا بوو و لەسەریان نووسرابوو "ڕێکخراوی بەدر- باڵی سەربازی" و" لەبەیکە یا حوسەین".

لە کۆتایی ڤیدیۆکە هەڕەشە لە ئێران دەکرێت بەوەی جارێکی تر دەکرێتەوە بە وڵاتێکی موسڵمانی سوننە.

سەرچاوە / فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG