Accessibility links

عێراق: داعش بۆ بەدەستهێنانی داهات پەنا بۆ شێوازی نوێ دەبات


دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەڵێت داعش لە پاش ئەو شکستە گەورانەی لە سەرانسەری وڵاتەکە دووچاری بووە و ناوچەکانی ژێر دەستی لە یەک دابڕاون، پەنای بردووە بۆ ڕێگەی نوێ بۆ دابینکردنی پارە بۆ کارە تێرۆرستیـیەکانی.

ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپـۆرتێـکیدا نووسیویەتی ژمارەیەک لەو تاوانبارانەی داعش کە لەم دوایـیانەدا لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە دەسـتگیرکراون، سەرچاوە نوێـیەکانی داهاتی داعشیان ئاشکراکردووە کە بەشێکیان لە دەرەوەی وڵاتن و لە ڕێگەی سیستەمی بانکی عێراقەوە بەدەستیان دەگات.

هەروەها گوتویانە هەندێک پارە ڕاستەوخۆ بە دەستیان دەگات و هەندێـکیان بە شێوەی کاڵا دێنە وڵاتەکەوە و لە ڕێگەی کەسانی سەر بە داعشەوە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن و پارەکەی دەخرێتە دەسـتی داعشەوە.

ڕاپـۆرتەکە دەشڵێت بەپـێی زانیاریـیەکان زۆربەی پارە ڕاستەوخۆیـیەکانی ئێستا بە دەستی داعش دەگەن بە شێوەی حەواڵە دێن لەلایەن کەسانی دەوڵەمەند لە وڵاتانی دراوسێ کە بۆ کەسانی سەر بە داعشی دەنێرن بە شێوەی یاسایی لە ڕێگەی سیستەمی بانکیـیەوە، وە ئەوەی پارەکە وەردەگرێت زانیاری لەسەر کەسێتی خۆی دەدات و دەڵێت ئەو بڕە پارەیەی بۆ ڕەوانەکراوە هی فرۆشتنی موڵکە یان کارگەیە یاخود ئۆتۆمبیلە.

بەپـێی دەسەڵاتداران مانگی جارێک یان دوو جار پارە حەواڵەکراوە و تەنانەت یەک لە حەواڵەکان بڕی پارەکە 27 هەزار دۆلار بووە. دەڵێن دەکرێت دوو کۆمپانیا کە یەکێکیان لە ناو بەغدابێت و ئەوی دیکەیان لە دەرەوە لە ڕێگەی تەلەفونی مۆبایلەوە پارەکە لە نێوانیان حەواڵە بکەن و بیدەنە دەستی کەسێکی داعشەوە.

سەبارەت بە پارە ناڕاستەوخۆکان، لێکۆڵینەوەکان نیشانیان داوە کۆمپانیا هەن بە شێوەیەکی فەرمی کاڵا بۆ عێراق هەناردە دەکەن و دەیدەن بە کەسانی سەر بە داعش بە خۆڕایی و ئەوانیش لە بازاڕەکاندا بە نرخی هەرزان دەیانفرۆشنەوە تاوەکو زوو پارەکەیان بە دەست بگات و ڕادەستی داعشی بکەن. باس لەوە دەکەن ئەو کۆمپانیانە کاڵایان ناردووە کە ماوەی بەسەرچووەکەی نزیکبووبوونەوە تاوەکو لەسەری بنووسن (عرض خاص) واتە هەرزان فرۆشی دەکەن بە ئامانجی ئەوەی زوو بفرۆشرێت.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت دەسەڵاتداران دەزگایەکی نوێـیان دامەزراندووە بۆ ئاشکراکردنی ئەم شێوازانەی داعش بۆ ئاڵوگۆڕی پارە لە نێوانیاندا.

XS
SM
MD
LG