Accessibility links

پـۆلیسی ئەڵمانیا 3 کەسی سوری دەسـتگیردەکەن بە تاوانی پەیوەندی بە داعشەوە


هێزەکانی پـۆلیسی ئەڵمانیا ئەمڕۆ سێشەممە 3 پـیاوی سوریان دەسـتگیرکرد کە پـێدەچێت لە ساڵی ڕابردووەوە لە لایەن داعشەوە نێردرابن، لەو کاتەی ژمارە زۆرەکەی کۆچبەران ڕوویان لە ئەوروپا کرد.

دادوەری فیدراڵی ئەڵمانیا دەڵێت ئەو 3 کەسە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو گەیشتوونەتە وڵاتەکەیان و گومان دەکرێت لە لایەن داعشەوە ڕوانەکرابن، تاوەکو ئەرکێـکی بۆ ئەنجام بدەن یاخود لە ئامادەباشیدا بن بۆ وەرگرتنی فەرمانەکان لە داهاتوودا.

هەرسێ گومانبارەکە لە ماڵەکەیان لە ویلایەتی شلێسڤیگ- ھۆلشتاین لە باکوری ئەڵمانیا دەستگیرکران پاش ئەوەی بە 200 پـۆلیس چواردەورە دران. دادوەری فیدراڵی تەنها بە ناوەکانی ماهیر 17 ساڵ و محەمەد 26 ساڵ و ئیبراهیم 18 ساڵ ناساندنی، ئەمەش لە چوارچێوەی یاساکانی پاراستنی تایبەتمەندی کەسایەتی لە ئەڵمانیا.

پـۆلیس دەڵێت هەرسێـکیان لە ڕێی تورکیاوە گەیشتبوونە ئەڵمانیا، لە هەمان ئەو ڕێگەیەی ساڵی ڕابردوو پەنابەران گرتبوویانەبەر بۆ ئەوروپا.

ماهیر لە سەرەتای ساڵی ڕابردوو لە ڕەققەوە چووبووە پاڵ داعشەوە و چەکی وەرگرتبوو و هەروەها مەشق و ڕاهێنانی پێکرابوو بەر لەوەی خۆی و دوو گومانبارەکەی تر بەرەو ئەوروپا بەڕێ بکەون.

هەرسێکیان لە لایەن داعشەوە پاسپـۆرت و بڕێـکی زۆری پارەیان بە دۆلاری ئەمەریکی بۆ دابینکرابوو، لە هەمان ئەو شوێنەی کە پاسپـۆرت و پارەی دابینکردبوو بۆ ئەوانەی هێرشەکانی 13 ی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردووی پاریسیان ئەنجام دا، ئەوەی تیایاندا 130 کەس کوژران.

XS
SM
MD
LG