Accessibility links

کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا داوای ئۆتۆنۆمی دەکەن دوای داعش


نوسینی: ڕێکار حسێن

هێزەکانی دەشتی نەینەوا

لەکاتێکدا هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەپێشڕەویدان بۆ ناوچەکانی نزیك موسڵ، هێزێکی کریستیان بەناوی هێزەکانی دەشتی نەینەوا لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە دروستکراوە. بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی کریستیان، لەدوای دەرکردنی داعش لە ناوچەکە، دەبێت ئۆتۆنۆمی بۆ دەشتی نەینەوا ڕابگەیەندرێت وئەم هێزە ببێتە هێزی بەرگریکاری سەرەکی ناوچەکە.

هێزەکانی دەشتی نەینەوا لە 600 سەرباز پێکدێت و لە ناوچەی تەل قەسەب بە دووری 72 کم لەناوەندی شاری موسڵ جێگیرکراوە. هێزەکە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی دەکرێت؛ ڕاهێنان و چەکیشیان هەر لەلایەن ئەم وەزارەتەوە بۆ دابین دەکرێت.

سەفا ئەلیاس چەچۆ، فەرماندەی ئەم هێزە، بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە ژمارەیەکی زیاتر لە کریستیانەکان ئامادەن پەیوەندی بەهێزەکەیانەوە بکەن بەڵام ناونوسکردن وەستێندراوە بەهۆی قەیرانی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەدرێژەی لێدوانەکەی بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، "ئێمە ئامادەین تەنانەت بچینە ناو شاری موسڵ و بەشداری لە گرتنەوەی شارەکە بکەین."

"ئۆتۆنۆمی بۆ دەشتی نەینەوا"

دەربارەی ئەوەی ئاخۆ دوای درکردنی داعش لە ناوچەکە چارەنوسی هیزەکە چی دەبێت، بەڕێز چەچۆ ڕایگەیاند کە ئەوان بەردەوام دەبن لە بەرگری کردن لە ناوچەی دەشتی نەینەوا "بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە کە خەڵکی ئەم ناوچەیە ڕۆبەڕووی کارەساتێکی تر نابنەوە دوای داعش."

ڕۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین، بە دەنگی یەمریکای ڕاگەیاند کە دروستکردنی ئەم هێزە دوو ئامانجی سەرەکی هەیە. بەگوتەی ئەو "ئامانجی یەکەم بۆ ئێستایە کە بریتییە لە ڕزگارکردنی ناوچەکە لەدەستی داعش. بەڵام ئامانجی سەرەکی بۆ دوای دەرکردنی داعش بریتیە لەوەی ئەو هێزە بەرگری بکات لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا."

سەبارەت بە خواستی مکریستیانەکان بۆ خۆ بەڕێوەبەری بەڕێز هەکاری ڕایگەیاند، "ئێمە داوای ناوچەی ئۆتۆنۆمی دەکەین لەدەشتی نەینەوا دوای دەرکردنی داعش."

لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی لە دەشتی نەینەوا بەتایبەت لە کاتێکدا ئەم ناوچەیە دەکەوێتە سنوری ناوچە کێشە لەسەرەکان، بەڕێز هەکاری ڕایگەیاند کە خواستی ئەوان بۆ ئۆتۆنۆمی لەڕەشنوسی هەرێمی کوردستان جێگیرکراوە و هەنگاوێکی وەها لەهەمان کاتدا لەبەرژەوەندی "برا" کوردەکان دایە.

بەگوێرەی بەڕێز هەکاری، "مادەی 35 لە ڕەشنوسی دەستووری هەرێمی کوردستان دەڵێ ئۆتۆنۆمی مافی مەسیحیەکان و تورکومان و پێکهاتە نەتەوەییەکانی ترە.....هەنگاوی ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی ئێمە لە بەرژەوەندی برا کوردەکانیشە چونکە ئێمە ئێستا لە سەردەمێکدا دەژین کە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی عێڕاق داوای مافی خۆیان دەکەن."

دەربارەی هەڵوێستی فەرمی حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم بابەتە، خالید جەمال ئەلبێرت نوێنەری کریستیانەکان لەوەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،"حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لەوە دەکات خەڵکی ناوچەی دەشتی نەینەوا خۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن......بەڵام جارێ زووە باسی ئەوە بکرێ ئەم خۆبەڕێوە بردنە لە چۆن دەبێت."

ناکۆکی ناوخۆیی لە نێو کریستیانەکان

دەشتی نەینەوا کە دەکەوێتە باکوری خۆرئاوای موسڵ چەندین پێکهاتەی جیاجا لەخۆدەگرێت وەکوکریستیان و یەزیدی و شەبەك و تورکومان. بەگوێرەی ڕاپۆرتە جیاجیاکان، ژمارەی کریستیانەکان لەم ناوچەیە لە نێوان 150 هەزار بۆ 200 هەزار کەس بوو پێش هێرشەکانی داعش.

بەهۆی دەوڵەمەندی ناوچەکە بە سامانی سروشتی و بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە نێو سنوری ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، دەشتی نەینەوا بووەتە شوێنی کێبڕکێیەکی توند لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق. ئەم کێبڕکێیە ڕاستەوخۆ کاریگەری دروستکردووە لەسە دووبەرەکی و لێکترازان لەنێوان کریستیانەکانی عێڕاق.

لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم پشتگیری لە چەکدارانی هاوشێوەی ‌هێزەکانی دەشتی نەینەوا دەکات، حکومەتی عێراقیش بەهەمان شێوە هەڵساوە بە بونیادنان و پشتگیریکردنی چەندین هێزی کریستیان لە ناوچەکە.

ڕۆمیۆ هەکاری لەپارتی دیموکراتی بەیت نەهرێن ئەم هێزانەی لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکەن بە "میلیشیا" ناوبردن و ڕەتیکردەوە کە هێزە کریستیانەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم هیچ هاوکاریەکیان هەبێت لەگەڵیان.

بەڕێز هەکاری بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە "ئەو هێزانەی لەلایەن حکومەتی عێراق و شیعەوە دروستکراون بۆ ئامانجی تر بەکاردەهێندرێن و ئێمە دانیان پێدانانێین و میلیشیان."

بەڵام جۆزێف سالیۆح پەرلەمانتاری مەسیحی لە پەڕلەمانی عێراق بەنیگەرانیەوە باسی لە ناکۆکیەکانی نێو مەسیحیەکان کرد و ڕایگەیاند "ئەوانەی هێزێکی مەسیحی بە میلیشیا دەزانن خزمەت بەبەرژەوەندی ئێمە ناکەن."

بەڕێز سالیۆح ڕایگەیاند کە لەبەرژەوەندی مەسیحیەکاندایە کە کاری هاوبەش لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دا بکەن.

بە وتەی ئەو، "مەسیحیەکان بەرژەوەندیان لەگەڵ هەردوو لادایە....ئێمە لەگەڵ برا کوردەکان دەژین و زۆر هاوبەشی لە نێوانماندا هەیە. بەڵام لەهەمان کاتدا پێمان خۆش بێت یا پێمان ناخۆش بێت هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق."

XS
SM
MD
LG