شەوى یەکشەممە لەسەر دووشەممە لە نێوان ناحیەکانى جەلەولا و سەعدیەى سەربە پارێزگاى دیالە، دوو تاوەرى کارەبا لەلایەن ژمارەیەک چەکدارى نەناسراوەوە تەقێنرانەوە.
وەهاب ئەحمەد بەرێوەبەرى ناحیەى قەرەتەپە، بەدەنگى ئەمەریکاى ئەمەریکاى راگەیاند"بەهۆى تەقاندنەوەى ئەو دوو تاوەرەوە کارەباى ناحیەکانى قەرتەپە و جەبارە بەتەواوەتى پچڕاون."
تەقاندنەوەى ئەو دوو تاوەرە کارەبا ، لەکاتێکدایە لەماوەى 4 مانگى رابردوودا هەر لەو ناوچەیە چەند جارێکى تر تاوەرەکانى کارەبا بۆمب رێژکراون و تەقێنراونەتەوە.
محەمەد عومەر بەرپرسى کۆمیتەى قەرەتەپەى یەکێتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو تاوەرانەى کارەبا کە تەقێنراونەتەوە دەکەونە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەوە."
وتیشى"مەفرەزەى گەرۆکى داعش بەناوچەکە دەسورێنەوە و گومان دەکرێت شانە نوستوەکانى ئەو رێکخراوە تاوەرەکانیان تەقاندبێتەوە."
پێدەچێت بەهۆى تەقاندنەوەى ئەو تاوەرانەوە بۆ ماوەیەک دانیشتوانى ناحیەکانى جەبارە و قەرەتەپە بێ کارەبا بن ، بەو پێیەى بەرپرسانى ئەو ناوچانە داواى هاوکاریان لەدیالە و ئیدارەى گەرمیان کردووە بەڵام تا ئێستا پێداویستیەکانیان دەستنەکەوتووە بۆ چاککردنەوەى تاوەرە تەقێنراوەکان.