Accessibility links

کۆمەڵەیەک: زیاتر لە 16 هەزار کەسی سیڤیل لە ساڵی 2016 لە عێراق کوژراون


کۆمەڵەیەکی توێژەر کە ئاماری قوربانیـیەکانی ناو عێراق کۆدەکاتەوە دەڵێت بەهۆی توندوتیژی و ئۆپەراسیۆنی لەشکری، زیاتر لە 16 هەزار کەسی سیڤیل لە ماوەی ساڵی 2016 لەو وڵاتە کوژراون.

کۆمەڵەی Iraqi Body Count بنکە لە بەریتانیا کە لایەنێکی ناحکومیـیە و لەوەتای شەڕی عێراق لە ساڵی 2003 وە ئاماری قوربانیـیەکانی ناو ئەو وڵاتە کۆدەکاتەوە، ئەمڕۆ پـێنجشەممە ڕاپـۆرتێـکی بڵاوکردەوە، ئاماژە بە پارێزگای نەینەوا دەکات بەوەی زیاتر لە نیوەی قوربانیـیەکان لەوێ کەوتوونەتەوە. بەپـێی کۆمەڵەکە 7431 کەس لەو پارێزگایە کوژراون، پاشان بەغدای پایتەخت بە پلەی دووەم دێت کە لەوێش 3714 کەس کوژراون.

ڕاپـۆرتەکە باس لەوەش دەکات بەراورد بە دوو ساڵی پـێشتر ژمارەکە کەمبووەتەوە. ساڵی 2015 زیاتر لە 17578 کەس کوژراون و ساڵی 2014 ژمارەکە 20218 بووە.

کۆمەڵەکە دەڵێت زیاتر ئەو خەڵکە سیڤیلە بە پـێنج شێوە گیانیان لەدەسـتداوە، ئیعدامکردن بە دەستی میلیشیاکان، هێرشی خۆکوژی، تەقینەوە، شەڕە تەقە، تۆپـباران و هێرشی ئاسمانی. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لە ماوەی ساڵی ڕابردوو نیوەی قوربانیـیەکان بە ئیعدامکردن و شەڕە تەقە گیانیان لەدەسـتداوە.

جێی ئاماژەیە ڕاپـۆرتی ئەم کۆمەڵەیە بڵاوکرایەوە لە پاش چەند ڕۆژێـک لە ڕاپـۆرتی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) کە تیایدا نووسراوە 6878 کەسی سیڤیل لە توندوتیژیـیەکانی ساڵی 2016 لە عێراق کوژراون. ژمارەکە ئەو قوربانیـیانەی تیادا نیـیە کە لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق کەوتبوونەوە لە مانگەکانی پـێنج و شەش و هەشت و دوازدە.

لە ساڵی 2016 خوێناویترین هێرش لە عێراق، تەقینەوە گەورەکەی مانگی حەوتی بەردەم بازاڕەکەی ناوچەی کەڕادەی بەغدا بوو، ئەوەی بەهۆیەوە نزیکەی 300 کەس گیانیان لەدەسـتدا.

XS
SM
MD
LG