Accessibility links

بڕیاری دەسـتگیرکردنی دوو ڕۆژنامەوان لە عێراق دەدرێت بە تاوانی بڵاوکردنەوەی ڕاپـۆرتی هەڵبەستراو


دادگایەکی بەغدا فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ دوو پەیامنێری ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودی دەرکرد، ئەمەش بە تاوانی بڵاوکردنەوەی ڕاپـۆرتێـکی نادروستی هەڵبەستراو لەسەر شاری کەربەلا.

کاربەدەسـتێکی باڵا لە دادوەری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت بەپـێی بڕگەی یەک و دووی ماددەی 372 ی یاسای سزادان فەرمانی دەسـتگیرکردن بۆ دوو ڕۆژنامەوانی عێراقی بنکە لە بەغدا دەرچووە کە کار بۆ ڕۆژنامەی شەرقوڵئەوسەت دەکەن و ڕاپـۆرتێـکی هەڵبەستراویان بۆ ڕۆژنامەکە ناردبوو.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ڕۆژنامەکە ڕاپـۆرتێـکی بڵاوکردەوە کە تیایدا نووسرابوو حاڵەتی دووگیانی ناشەرعی لە شاری کەربەلای پـیرۆزی شیعەکان هەیە و سەرچاوەی هەواڵەکەی بۆ ڕێکخراوی تەندروسـتی جیهانی گەڕاندەوە، بەڵام دواتر ڕێکخراوەکە بە توندی هەواڵەکەی بە درۆ خستەوە.

ڕۆژنامەکە لای خۆیەوە داوای لێبوردنی کرد و گوتی بڕیاری داوە کار لەگەڵ پەیامنێرەکەی لە بەغدا ڕابگرێت.

ڕاپـۆرتەکە ناڕەزایی زۆری لە نێو شیعەکانی لێکەوتەوە، دەڵێن مەبەست لێی سووکایەتی کردنە بە ئاینەکەیان.

XS
SM
MD
LG