Accessibility links

خه‌ڵات عومه‌ر : سوپای پاسداران و حیزبوڵاو حه‌شدی شه‌عبی به‌یه‌ک شێوه‌ دروست بوون

  • یه‌حیا به‌رزنجی

له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه‌ی رزگارکردنی شارۆچکه‌ی ته‌له‌عفه‌ر له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌، قسه‌ زۆر ده‌کرێت له‌سه‌ر چوونه‌ ناوه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی بۆ ناوشاره‌که‌و رێگری کردن لێیان، ته‌نانه‌ت تورکیاش داوا ده‌کات که‌ رێگه‌ نه‌درێت ئه‌و هێزه‌ بچێته‌ ناو ته‌له‌عفه‌ره‌وه‌، وه‌کو شارێکی تورکمانی. له‌ لای خه‌ڵات عومه‌ر وه‌ک نوسه‌رو شاره‌زا له‌ بواری سیاسی باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ حه‌شدی شه‌عبی نه‌خشه‌یه‌کی ئێران به‌ره‌و پێش ده‌بات که‌ خه‌ونی ئێرانییه‌کانه‌‌، ده‌شڵێت "به‌رپرسه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی به‌رده‌وام ئه‌وه‌یان دوپات کردووه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ ته‌له‌عفه‌رو موسڵ ناوه‌ستن، له‌ سوریاش شه‌ڕی داعش ده‌که‌ن، ئێران ده‌یه‌وێت ئێران وعێراق و سوریاو لوبنان له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌یه‌که‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌."

خه‌ڵات نموونه‌ی وته‌ی به‌رپرسێکی کورد دێنێته‌وه‌ که‌ له‌ سه‌ر زاری به‌رپرسێکی ئێرانی بۆی گێڕاوه‌ته‌وه‌که‌ به‌رپرسه‌ ئێرانییه‌که‌ وتوییه‌تی "له‌سه‌ر ئه‌و حکومه‌ته‌ شیعییه‌ی عێڕاق ئاماده‌ین نیو ملیۆن پاسدار به‌ کوشت بده‌ین." نوسه‌ره‌که‌ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ئێران له‌رووی سه‌ربازی و سیاسییشه‌وه‌ توانیوێتی هه‌ژموونی خۆی له‌ ناوچه‌که‌ به‌باشی به‌ڕێوه‌ به‌رێت، هه‌رچه‌نده‌ وڵاتانی سونه‌ به‌ نموونه‌ تورکیا له‌ نێو هاوکێشه‌که‌ گفته‌کانی ئه‌مریکا ساردی کردووه‌ته‌وه‌، ده‌نا ئه‌ویش هێزه‌کانی له‌ موسڵ و ته‌له‌عفه‌رو شوێنی تر پێشڕه‌وی پێ ده‌کات، شه‌ڕه‌که‌ بووته‌ شه‌ڕی سونه‌و شیعه‌ له‌ ناوچه‌که‌ .

هه‌روه‌ها گره‌وی ئێران له‌سه‌ر سه‌رکه‌وتوویی حه‌شدی شه‌عبییه‌ که‌ به‌ پاره‌ی حکومه‌تی عێڕاقی قه‌ڵه‌و ده‌کرێن، بۆ خزمه‌تی ئه‌جێنده‌ی وڵاتی ئێران.له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "به‌هۆی توانستی سوپای عێڕاقی له‌ شه‌ڕه‌کاندا به‌ تایبه‌تی له‌ ناو موسڵ ره‌نگه‌ به‌شداری حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناچاریدا بێت، ئه‌وسا نه‌ ئه‌مریکاو هێزی تریش ناتوانن رێگری بکه‌ن، به‌ تایبه‌ت مه‌سه‌له‌که‌ بۆ کۆتایی هێنان به‌ داعش بێت."

ئه‌و ئه‌زموونه‌ی حه‌شدی شه‌عبی هاوشیوه‌ ده‌کات به‌ ئه‌زموونی سوپای پاسداران، ده‌شڵێت "له‌سه‌رده‌مێک که‌ سوپای ئێران ئه‌و بڕست وهێزه‌ی نه‌بوو، به‌ تایبه‌تی له‌سه‌روه‌ختی جه‌نگی عێراق ئێران، سوپای پاسداران دروست بوو، سه‌ره‌ره‌ی بوونی سوپایه‌کی به‌هێز له‌ ئێراندا به‌ ئێستاشه‌وه‌ سوپای پاسداران زۆر له‌ پێگه‌ هه‌ستیاره‌کانی ئێرانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ببینه‌ حیزبوڵای لوبنانی که‌ هه‌موو شتێکی له‌ ئێرانه‌وه‌یه‌، چۆن کاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌ باڵاکانی لوبنان، یان حوسییه‌کان له‌ یه‌مه‌ن، حه‌شدی شه‌عبیش بۆ ئه‌و رۆژه‌ پشتیوانی لێده‌کات که‌ ببێته‌ خاوه‌ن بڕیار."

XS
SM
MD
LG