Accessibility links

لەشکری عێراق دەڵێت هێزەکانیان گەیشتوونەتە ناوەندی شارۆچکەی شڕگاتی پارێزگای سەڵاحەدین

  • VOA News

فەرماندە لەشکریـیەکانی عێراق دەڵێن هێزەکانیان گەیشتوونەتە ناوەندی شارۆچکەی شڕگاتی باکوری پارێزگای سەڵاحەدین و ئاڵای وڵاتەکەیان بەسەر شوێنە حکومیـیەکانیدا بەرزکردووەتەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەک لە ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین بڵاویکردووەتەوە کە هێزەکانیان ئەمڕۆ پـێنجشەممە بینای شارەوانی و ئۆفیسی سەرۆکی شارەوانی و نەخۆشخانەی گشتی شارۆچکەکەیان کۆنترۆڵکردووە.

هەروەها سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد هێشتا شەڕ و پـێـکدادان لە ناوچەکە بەردەوامە لە نێوان چەکدارانی داعش و هێزەکانی لەشکر کە لە لایەن پـۆلیس و چەکدارانی خێڵە سووننەکانەوە پاڵپشـتی دەکرێن.

سەرچاوەیەکیش بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە زۆربەی دانیشتوانی شارۆچکەکە ئاڵای سپـیـیان بەسەر ماڵەکانیاندا هەڵکردووە و بەپـێی کاربەدەسـتانی ناوچەکە خەڵکێـکی کەم شارۆچکەکەیان چۆڵکردووە.

وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر ماڵپەڕ و فەیسبوکی خۆی وێنە و ڤیدیۆی نێو شارۆچکەکەی بڵاوکردووەتەوە کە چۆن هێزکانی لەشکر و چەکدارانی خێڵە سووننەکان کۆنترۆڵی ناوچەکانیان کردووە.

گرنگی شڕگات لەوەدایە کە دەکەوێتە ناوچەیەکی سـتراتیژی نێوان هەر چوار پارێزگای سەڵاحەدین و موسڵ و کەرکوک و هەولێر. بە گرتنەوەی ئەم شارۆچکەیە هێزەکانی عێراق لە باکوری شارۆچکەی حەویجەی پارێزگای کەرکوک نزیک دەکەونەوە و هەروەها ئاسانکاری بۆ هێزەکان دەبێت لە جموجۆڵەکانیان بۆ ڕزگارکردنی شاری موسڵ.

XS
SM
MD
LG