Accessibility links

دادوەری عێراق فەرمانی قەدەغەی گەشتکردن دەدات بۆ سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک کاربەدەسـتی دیکە

  • VOA News

ئەنجومەنی دادوەری فیدراڵی عێراق فەرمانی کردووە ڕێگە نەدرێت سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپـرس وڵاتەکە جێبهێڵن، ئەمەش پاش ئەوەی وەزیری بەرگری بە گەندەڵی تاوانباری کردوون.

ڕۆژی دووشەممە لە دانیشتنێـکی پەرلەماندا کە سازکرابوو بۆ لێپـرسینەوە لە گەندەڵیـیەکانی نێو وەزارەتی بەرگری، خالید عوبێدی وەزیری بەرگری ژمارەیەک کاربەدەسـتی بە گەندەڵی تاوانبارکرد، لەوانە سەرۆکی پەرلەمان و چەند پەرلەمانتارێک، بەڵام هەموویان ئیدیعاکانی وەزیری بەرگریـیان ڕەتکردەوە.

عەبدول سەتار بەیرەقدار گوتەبێژی دادوەری عێراق ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی ئەو لیژنەیەی پـێکهێنراوە لە لایەن ئەنجومەنی دادوەریەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە لێدوانەکانی وەزیری بەرگری، بڕیاری داوە قەدەغەی گشتکردن بخرێتە سەر ئەوانەی لە لایەن وەزیرەوە ناویان هاتبوو، ئەوانیش سەرۆکی پەرلەمان سەلیم جبوری، هەردوو پەرلەمانتار محەمەد ئەلکەربولی و تالیب ئەلمعماری و پەرلەمانتاری پـێشوو حەیدەر ئەلمولا لەگەڵ هەریەک لە ئەیاد جبوری و هەیثەم قاسم شغاتی و موثەنـنا عەبدول سەمەد ئەلسامەرائی.

هەروەها بەیرەقدار نووسیویەتی لیژنەکە بڕیاریشی داوە گوێ لە گەواهیدانی ژمارەیەک بەرپـرسی ئێسـتا و پـێشووی دەوڵەت بگیرێت کە بەپـێی وەزیری بەرگری گەواهیدانەکانیان گرنگی خۆیان دەبێت.

XS
SM
MD
LG