Accessibility links

هەزاران سەربازی عێراقی ڕەوانەی بنکەیەکی لەشکری نزیک موسڵ دەکرێن


وێنەی ئەرشیف
وێنەی ئەرشیف

کاربەدەسـتانی عێراق دەڵێن لە چوارچێوەی ئامادەکاریـیەکان بۆ ڕزگارکردنی شاری موسڵ لە داعش، بە هەزاران سەربازیان ڕەوانەی بنکەیەکی لەشکری کردووە لە باکوری وڵاتەکە.

ئەفسەرێـک بە پلەی عەمید ڕوکن کە نەیوستووە ناوی ئاشکرابکرێت ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە یەکەکانی لەشکری عێراق وا دەگەنە بنکەیەکی لەشکری نزیک مەخمور بە مەبەستی دەسـتکردن بە ئۆپەراسیۆنە سەرەتایـیەکان بۆ ڕزگارکردنی موسڵ.

ئەفسەرەکە گوتویەتی لە ئێسـتا 3 لیوا لەوێ جێگیرکراون و لە کۆتاییدا ژمارەیان دەگاتە 4500 سەرباز. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەو هێزانەی بەشداری لە ڕزگارکردنی موسڵدا دەکەن لە هەردوو فیرقەی 15 و 16 ی لەشکر دەبن.

هەروەها گوتی ئامانجی سەرەتایی‌یان دابڕانی داعشە لە موسڵ بە تەواوی، لەوانە بڕینی لە ڕێگای حەویجەی پارێزگای کەرکوک و ڕێگای بێجیی پارێزگای سەڵاحەدین.

لە لایەکی دیکە عەمید هەڵگورد حیکمەت گوتەبێژی وەزارەتی پـێشمەرگە بە فڕانس پـرێسی گوت زۆربەی ئەو سەربازانەی ڕەوانەی ناوچەکە کراون کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردسـتانە، لەو کوردانەن کە لە نێو لەشکری عێراقدان.

گوتیشی ئەو هێزانە بە ڕەزامەندی سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردسـتان هاتوون. پاشان باسی لە بنکە لەشکریـیەکە کرد و گوتی بۆ سەربازەکان و فڕۆکەشە.

XS
SM
MD
LG