Accessibility links

بەرپرسانى پارێزگاى سەڵاحەدین نهێنى بەهێزى داعش لە بێجى ئاشكرا دەكەن


بەرپرسانى پارێزگاى سەڵاحەدین ، نهێنى بەهێزى داعش لە قەزاى بێجى سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدین بۆ دەنگى ئەمەریكا ئاشكرا دەكەن و ، دەڵێن"لە بێجى داعش بەهێزە و سوپاى عێراق و هێزە ئەمنیەكانیش پەرت و بڵاون."

دكتۆر ئەمین عەزیز جێگرى پێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"قەزاى بێجى قەزایەكى پیشەسازیە و ژمارەیەگى زۆر كارگەى ستراتیژى گەورەى تێدایە ، بۆیە فرۆكەكانى هاوپەیمانان و حكومەتى عێراق ناتوانن ئەو ناوچەیە وەكو پێویست بۆردومان بكەن."

وتیشى"بێجى نزیكە لەدەروازەى پارێزگاى موسڵەوە بۆیە داعش تێیدا شەرى بەهێز دەكات ، هەروەها هێزە ئەمنیە عێراقیەكان و حەشدى شەعبیش لەو ناوچەیە پەرت و بڵاون و بەجیا شەرەكەن."

قەزاى بێجى ماوەى زیاتر لە ساڵێكە تێیدا شەرى قورس لەنێوان داعش و سوپا و هێزە ئەمنیەكانى عێراق بەردەوامى هەیە، بەڵام تا ئێستا حكومەتى عێراق نەیتوانیوە ئەو ناوچە لەداعش پاك بكاتەوە.

حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"قەزاى بێجى ، پارێزگاكانى سەڵاحەدین و موسڵ و كەركوك پێكەوە دەبەستێتەوە و لەرووى ئابوریشەوە ناوچەیەكى گرنگە ، بۆیە داعش بەهەموو هێزێكى بەرگرى لێدەكات."

قەزاى بێجى دەكەوێتە خۆرهەڵاتى باكورى شارى تكریت ى ناوەندى پارێزگاى سەڵاحەدین و نزیكە لە دەروازەى پارێزگاى موسڵى پایەتەخت ى خیلافەتى داعش لە عێراق.

XS
SM
MD
LG