Accessibility links

شوان داودی: ره‌نگه‌ متمانه‌ له‌ هوشیار زێباری بسه‌ننه‌وه‌

  • یه‌حیا به‌رزنجی

چه‌ند رۆژێکی ماوه‌ بۆ ده‌نگدان له‌ په‌رله‌مانی عێڕاقی له‌سه‌ر سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌، یاخود به‌رده‌وام بوونی له‌سه‌ر پۆسته‌که‌ی‌ وه‌زیری دارایی هوشیار زێباری، هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نی کوردیش به‌ تایبه‌تی پارتی دیموکرات قه‌ناته‌ دیبلۆماسییه‌کانی خستۆته‌ گه‌ڕ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی وه‌زیره‌که‌یان، وه‌ک ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێڕاق له‌سه‌ر لیستی یه‌کێتی شوان داودی ده‌ڵێت.

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ وروژاندنی زیاتری دۆسییه‌ی زێباری بۆ ره‌فتاری ئه‌ندام په‌رله‌مانی فراکسیۆنی پارتی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت "سه‌ره‌تا هه‌ندێ وتوێژ وسه‌رنج له‌سه‌ر وته‌کانی به‌ڕێز زێباری هه‌بوو، خۆشم به‌ هه‌ندێ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی رازی نه‌بووم، به‌ڵام که‌ سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی وهه‌ندێ له‌ ئه‌ندامه‌کانی که‌وتنه‌ هه‌وڵدان بۆ به‌ر گرتن له‌ رێ و ره‌سمه‌ یاساییه‌کان، رای په‌رله‌مانتاران خراپ له‌ دژی زێباریی گۆڕدرا."

په‌رله‌مانتاره‌که‌ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ هه‌ڵوێستی فراکسوێنه‌ کوردستانییه‌کان یه‌ک نییه‌ له‌ مه‌ڕ پشتیوانی کردن له‌ زێباری وه‌ک وه‌زیرێکی کورد، ده‌شڵێت "زێباری له‌سه‌ر کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بانگ نه‌کراوه‌، کێشه‌که‌ له‌سه‌ر به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتییه‌ و گرفتی ئیداری، پاشان هه‌ر سونه‌کان بوون ده‌نگیان به‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌دا له‌ وه‌زیری به‌رگری، یان شیعه‌ وه‌زیره‌کانیان بانگ ده‌که‌ن بۆ لێپێچینه‌وه‌."

وه‌فدی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ سه‌رۆکایه‌تی سه‌رۆک وه‌زیران نێچیرڤان بارزانی له‌ به‌غدا بوو بۆ پرسی گرفته‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غداو له‌ نێویشیاندا قه‌یرانی دارایی هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ هاتنی ئه‌و وه‌فده‌ وه‌ک وه‌فدی پارتی دیموکرات ناو ده‌بات و ده‌ڵێت "پێکهاته‌ی وه‌فده‌که‌ ئه‌ندامانی پارتین، به‌ڵام هه‌موو لێک نزیک بونه‌وه‌یه‌ک له‌ به‌غدا، به‌سودی چاره‌سه‌ری ده‌گه‌ڕیته‌وه‌، پارتیش جومگه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌شدان پرسی وه‌زیره‌که‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان تاو وتوێ بکه‌ن."

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ لای وایه‌ کۆبوونه‌وه‌ی رۆژی سێ شه‌مه‌ی داهاتوو، ئه‌گه‌ر ژماره‌ی یاسایی په‌رله‌مانتاران له‌وێ بن که‌ نزیکه‌ی 40 که‌سیان له‌ فه‌ریزه‌ی به‌جێهێنانی حه‌جهن، دانیشتنه‌که‌ دووا نه‌خرێت، به‌ قازانجی هوشیارزێباری نابێت، وتیشی "په‌رله‌مانی ئێستای عێراق زۆر جیاوازتره‌ له‌ رابردوو، پارته‌ سیاسییه‌کان که‌متر ده‌توانن رۆڵ بگێڕن.

XS
SM
MD
LG