Accessibility links

سەرۆکی ستوونە هاوبەشەکانی ئەمەریکا سەردانی عێراق دەکات


سەرۆکی ستوونە هاوبەشەکانی لەشکری ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتە عێراق و لە شاری هەولێر لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردسـتانی عێراق کۆبووەوە، وەکو بەشێـک لە گەشتەکەی بۆ هەڵسەنگاندنی دوا پێشـهاتەکانی ئەو شەڕەی لە دژی داعش بەڕێوەدەچێت.

جەنەڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد بە مەسعود بارزانی گوت ئەمەریکا و کورد "دوژمنێـکی هاوبەشیان هەیە."

هێزە کوردیـیەکان ماوەی زیاتر لە ساڵێـکە توانیویانە بە پاڵپشـتی هێزی ئاسمانی وڵاتانی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا سەرکەوتنی گەورە بەسەر داعش تۆمار بکەن.

لەشکری عێراق و ملیشیاکانی هاوپەیمانی ئەوانیش لە لایەن هاوپەیمانانەوە پشـتیوانی ئاسمانیـیان لێدەکرێت، بەڵام کەمتر سەرکەوتنیان بەدەسـتهێناوە.

پـێشـبینی دەکرێت جەنەڕاڵ دەنفۆرد لە میانەی ئەڕم سەردانەیدا تاووتوێی ڕەوشی بێجی بکات، پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی عێراق توانیان پاڵاوگەی نزیک شارەکە لە دەسـتی داعش ڕزگاربکەنەوە.

جەنەڕاڵ دەنفۆرد بەو پەیامنێرانەی کە لەگەڵیدان لە یەکەم گەشتی بۆ عێراق لە پاش وەرگرتنی پـۆستەکەی لە 1 ی مانگی دە، گوتویەتی کاربەدەسـتانی عێراق دڵنیایان کردووەتەوە داوایان لە ڕووسیا نەرکردووە بێتە نێو گروپی ئەو وڵاتانەی لە عێراقدا هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش ئەنجام دەدەن.

ڕووسیا ماوەی سێ هەفتەیە لە سوریا دەستی بە بۆردومانکردن کردووە و دەڵێت ئامانجەکەی تێرۆرسـتانە، بەڵام ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە ڕەخنەیان لەو کارەی ڕووسیا گرتووە و دەڵێن زیاتر هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی دژی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەکاتە ئامانج.

چەند کاربەدەسـتێکی عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە کە پـێشوازی لە ڕووسیا دەکەن ئەگەر بێت و لە عێراقیشدا هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدات، بەڵام جەنەڕاڵ دەنفۆرد گوتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق هیچ داوایەکی لەو جۆرەی لە ڕووسیا نەکردووە.

XS
SM
MD
LG