Accessibility links

سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی میوانداری سەرۆک وەزیری عێراق دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشـکی سپی میوانداریحەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق دەکات، چاوەڕوان‌دەکرێت وتووێژبکەن لە بارەی شەڕی داعش، بە تایبەتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئێستای هێزەکانی عێراق بۆ ڕزگارکردنی شاری موسڵ.

عەبادی شەوی دووشەممە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا گەیشتە واشنتنی پایتەخت، ئەمەش یەکەم سەرادنیەتی بۆ ئەمەریکا لەوەتای دانۆڵد ترامپ پـۆستی سەرۆکایەتی گرتەدەست.

بەپـێی سەرچاوە فەرمیـیەکان، عەبادی جگە لە سەرۆک ترامپ لەگەڵ کاربەدەسـتانی دیکەی باڵای نێو بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا و یاسادانەران لە کۆنگرێس کۆدەبێتەوە، لەوانە مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوە و پۆڵ ڕایان سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.

شەڕی داعش و تێرۆرزم، قەیرانە مرۆیـیەکانی داعش هۆکاری بوون، پلانەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکان بابەتی سەرەکی وتووێژەکان دەبن.

هەروەها وتووێژیش دەکرێن لە بارەی هاوکاری لەشکری و یارمەتی ئابوری و چاکسازی لە سیستەمی دارایی عێراقدا.

ژمارەیەک لە وەزیرەکانی عێراق لە نێو شاندەکەی عەبادیدان، لەوانە عیرفان ئەلحەیالی وەزیری بەرگری و ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوە و ئان نافع ئەوسی وەزیری نیشتەجێ و ئاوادانکردنەوە و فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

بڕیارە لە 22 ی ئەم مانگە عەبادی لە واشنتن بەشداری بکات لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG