Accessibility links

کاربەدەسـتێـکی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لەسەر مەترسی جێبەجێکردنی سزای مەرگ لە عێراق دەردەبڕێت


کاربەدەسـتێـکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەم هەوڵەی ئێستای دەسەڵاتدارانی عێراق دەیدەن بۆ خێراکردن لە جێبەجێـکردنی سزای مەرگ بەسەر تاوانبارانی داعش لە پاش تەقینەوە خوێناویـیەکەی مانگی ڕابردووی ناوچەی کەڕادەی بەغدا، ڕەنگە بـبێتە مایەی لەسێدارەدانی کەسانی بێ تاوان.

زەید ڕەعەد ئەلحسێن کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی "زۆر ئاسانە ئەم جۆرە تاوانە گەورانە ئاگری تۆڵەسەندنەوە هەڵبگیرسێنێت، بەڵام تۆڵەسەندنەوەش کارێکی ڕەوا نیـیە."

پاشان گوتی بەهۆی لاوازی سیستەمی دادوەری عێراق و ئەو ڕەوشەی لەوێ هەیە، زۆر نیگەرانم لەوەی کەسانی بێ تاوان تۆمەتباربکرێن و لەسێدارەبدرێن و پاشان ئەمە بۆی هەیە بەردەوامبێت و بێگومان هەڵەی دادوەری لێدەکەوێتەوە کە ناکرێت ڕاستبکرێتەوە.

باسی لەوەش کرد کە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە لە عێراقدا ڕێز ناگیرێت لە ڕێسا و یاساکانی دادگایی‌کردنی ڕەوا و هێشتا پەنا بۆ ئەشکەنجەدان دەبرێت تاوەکو بە زۆر دانپـیادانانینان لێ وەربگرن.

بەپـێی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەدەکرێت نزیکەی 1200 کەس لە زیندانەکانی عێراق چاوەڕێی سزای مەرگ بن، لەوانە سەدانیان دادگای پـیاداچوونەوەش سزاکەی پەسەندکردوون و فەرمانی سەرۆکایەتیش بۆ جێبەجێکردنی سزاکانیان درچووە.

لە پاش تەقینەوەکەی مانگی ڕابردووی ناوچەی کەڕادە، ئەوەی بووە مایەی کوژرانی 324 کەس، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق کەوتووەتە ژێر فشارێـکی زۆرەوە، بۆیە فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوەبکرێت لەسەر هۆکاری دواکەوتنی جێبەجێکردنی سزای مەرگ بەسەر ئەوانەی بە تاوانی ئەنجامدانی تێرۆر حوکمی لەسێدارەدراون.

XS
SM
MD
LG