Accessibility links

عەبادی: تورکیا ڕاست ناکات بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵدا نەکردووە

  • VOA News

حەیدرە عەبادی دەڵێت ئەو ئیدیعایەی تورکیا دەیکات گوایە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵدا کردووە، ڕاست نیـیە و عێراق هەرگیز ڕێگە بەوە نادات.

سەرۆک وەزیری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ستیفان لۆڤین هاوتا سویدیـیەکەی لە بەغدا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی لە هێزەکانی پـێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردسـتانیشیان پـرسیوە و ئەوانیش جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تورکیا بەشداری نەکردووە.

عەبادی جارێـکی دیکە گوتی هیچ هێزێـکی بیانی لەسەر خاکی عێراق شەڕی داعش ناکات و هاوپەیمانان تەنیا لە ڕێگەی مەشق و ڕاهێنان و دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و پاڵپشـتی هێزی ئاسمانی پشـتیوانی لە هێزەکانی عێراق دەکەن.

پاشان هیوای خواست چیتر تورکیا ئەم بابەتی هەوڵی بەشداریکردنە لە شەڕی موسڵ لەوە زیاتر گەورەتر نەکات و عێراق خوازیارە بە ئاشتی لەگەڵ دراوسێـیەکانی و وڵاتانی ناوچەکە بژی.

لە لایەکی دیکە مولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە لە ئەنکەرە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ژان مارک ئایرۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گوتی تورکیا بە شێوازی جیاجیا بەشداری کردووە لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ، چ بە مەشق و ڕاهێنانی هێزەکانی پـێشمەرگە و هەروەها پاسەوانانی نەینەوا لە سەربازگەی باشیک و بە فڕۆکەی F-16 لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی.

باسی لەوەش کرد هێزەکانی تورکیا ئەوانەی لە سەربازگەی باشیکن هەتا دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ زیاتر لە 700 چەکداری داعشیان کوشتووە و لەوەتای ئۆپەراسیۆنەکەش دەسـتیپێـکردووە هەتا ڕۆژی دووشەممە بە گولـلەی تۆپ و تانک و خومپارە 17 چەکداری داعشیان کوشتووە.

XS
SM
MD
LG