Accessibility links

عێراق بژارەی شەڕ بۆ دەرکردنی هێزەکەی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی بە دور نازانێت


وەزیری دەرەوەی عێراق جارێکی دیکە داوایکرد تورکیا هێزەکەی لە باکوری وڵاتەکەی بکێشێنتەوە و ئاگاهی بە ئەنکەرە دا کە ڕەنگە بەغدا پەنا بۆ بژارەی شەڕ ببات ئەگەربێت و هەروەها هێزەکە لە ناو خاکی عێراقدا بمێنێتەوە.

ئیبراهیم ئەلجەعفەری ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتی دەرەوە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی" عێراق بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێگەی ئاشتی بۆ کردنە دەرەوەی هێزەکەی تورکیا، بەڵام ئەگەر بێت و هیچ ڕێگە چارەیەک نەمێنێت و شەڕمان بەسەردا بسەپـێنرێت، ئەوا پاراستنی سەروەری وڵاتەکەمان لە پـێش هەموو شتێکە و گەلەکەمان توانای بەرگری هەیە."

جەختی لەوەش کرد کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە پـشـتیوانی لەم داوایەی عێراق کردووە. هەروەها وڵاتانی عەرەبیش لە کۆمکاری عەرەب ئەوانیش هاتنی هێزەکەی تورکیایان شەرمەزارکردووە و هەمان داوایان لە تورکیا کردووە.

پاشان ئیدیعاکانی کاربەدەسـتانی تورکیای ڕەتکردەوە کە دەڵێن عێراق داوای ڕەوانەی هێزی لەشکری لە تورکیا کردووە و گوتی سەرۆک وەزیر هیچ داوایەکی لەو جۆرە نەکردووە. هەروەها نکوڵی لەوەش کرد عێراق هیچ ڕێکەوتنێـکی لەگەڵ تورکیا هەبێت کە ڕێگەی پێ بدات هێزی بێتە ناو خاکی عێراقەوە. باسی لەوەش کرد کاتی خۆی لە سەردەمی سەدام حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەو کاتە کە تاریق عەزیز بووە لە کۆبوونەوەیەکدا ڕێگەی بە تورکیا دابوو تەها بۆ ماوەی 72 کاژمێر هێزی تورکیا بۆیان هەبێت بێنە ناو خاکی عێراقەوە. گوتیشی لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سـاڵی 2009 بڕیاری دا هەموو ڕێکەوتنێـکی لەشکری لەگەڵ تورکیا هەڵبوەشێنێتەوە.

XS
SM
MD
LG