Accessibility links

عێراق جارێـکی دیکە داوا لە تورکیا دەکات هێزەکەی لە موسڵ بکشێنێتەوە

  • VOA News

حکومەتی عێراق جارێکی دیکە داوای لە تورکیا کرد ئەو هێزەی لە باکوری عێراق بکشێنێتەوە کەوا نزیکەی دوو هەفتەیە لە بنکەیەکی سەربازی لە نزیک شاری موسڵ جێگرکراوە.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حەیدەر عەبادی لە فەیسبوکەکەی نووسیویەتی" ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ سێشەممە تاوتووێی قەیرانی لەگەڵ تورکیای کرد و سەرلەنوێ هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دەربڕیوە کە پـێویستە تورکیای دراوسێ وەڵامی داواکەی عێراق بداتەوە بە کشانەوەی تەواو لە خاکی عێراق و ڕێزگرتن لە سەروەریـیە نیشتیمانیـیەکەی."

پاشان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "عێراق داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کۆبوونەوەیەک سـازبکات بۆ وتووێژکردن لەسەر پـێشـێلکردنی سەروەری عێراق لە لایەن تورکیاوە و داوا لە تورکیا بکات دەسـتبەجێ لە خاکی عێراق بکشێتەوە و ڕێوشوێنی پـێویست بگیرتەبەر تاوەکو مسۆگەربکرێت جارێکی دیکە ئەو پـێشـێلکردنە دووبارە نابێتەوە."

جێی ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاند تورکیا بەشێـکی هێزەکەی لە بنکەی لەشکری نزیک زلیکانی ناوچەی باشیکی موسڵ کشانۆتەوە. تورکیا دەڵێت ئەو هێزەی ناردووە بۆ پاراستنی ڕاهێنەران و ڕاوێژکارانی وڵاتەکەی کە لەو بنکەیە مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقیـیەکان دەکەن.

XS
SM
MD
LG