Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق: زۆربەی نەوتی داعش لە ڕێگەی تورکیاوە دەڕوات


سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت زۆربەی نەوتی داعش لە ڕێگەوەی تورکیاوە دەڕوات، بەمەش دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی ئەو وڵاتانەی هەمان ڕەخنەیان لە تورکیا گرتووە.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیر ڕۆژی دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی حەیدەر عەبادی لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختی لە گرنگی ڕاگرتنی بەقاچاخبردنی نەوتی داعش کردەوە و گوتی زۆربەی لە ڕێگەی تورکیاوە دەفرۆشرێت.

جێی ئاماژەیە لەوەتای لە سـاڵی 2014 وە حەیدەر عەبادی پـۆستی سەرۆک وەزیری عێراقی گرتە دەست، پەیوەندیـیەکانی بەغدا لەگەڵ ئەنکەرە بڕێـک باشتربوون، بەڵام بەهۆی بەردەوامی ناکۆکی لەسەر قەیرانی سوریا و هەروەها هاتنی لەشکری تورکیا بۆ ناو عێراق لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، وەهای کردووە دیسانەوە گرژیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاترببنەوە.

پـێشتر ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا هەمان شتی وت و هەروەها وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی ژمارەیەک وێنە و ڤیدیوی بڵاوکردەوە کە تیایدا نیشـانی دەدات لە سوریاوە تانکەری نەوت لە سوریاوە دەچنە ناو تورکیا. دەڵێت ئەو تانکەرانە نەوتی داعش دەگوێزنەوە.

پاشان ئێرانیش لە زاری موحسن ڕەزایی بەرپـرسی (مجمع تشخیص مصلحت نظام) ئەویش ڕایگەیاند ڕاوێژکارانی ئێرانی لە عێراق و سوریا وێنەیان دەسـتکەوتووە کە نیشانی دەدەن تانکەری نەوت بەرەو تورکیا دەڕۆن.

XS
SM
MD
LG