Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دەکات


سەرۆک وەزیری عێراق لە پەیوەندیـیەکی تەلەفونیدا پـیرۆزبایی لە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا کرد و هیوای خواستووە پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات فراوانتربکرێن.

ئۆفیسی حەیدەر عەبادی لە بەیانـنامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕی فەرمی سەرۆک وەزیر نووسیویەتی عەبادی و ترەمپ باسیان لە پـێشڕەوی هێزە عێراقیـیەکان کردووە لە شەڕی دژی داعش بە تایبەتی لە شاری موسڵ کە لە ئێستادا هێزکانی عێراق لە ناویدا شەڕی داعش دەکەن.

پاشان جەختیان کردووەتە سەر ئەوەی گرنگە هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ ڕیشەکێشکردنی تێرۆر و ئایدیۆلۆجیـیەکەی کە بووەتە هۆکاری تایفەگەری.

عەبادی لە پەیوەندیـیەکەدا باسی بۆ ترەمپیش کردووە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە وڵاتەکە وایکردووە هەموو عێراقییەکان بە تایفە و نەتەوە جیاوازەکانیـانەوە یەکدەست بن و کاری هاوبەش ئەنجام بدەن بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتن و سەنگی خستنە سەر شەڕی دژە تێرۆر و پاراستنی سەروەری عێراق و دورکەوتنەوە لە ناکۆکیـیەکانی ناوچەکە و ژیان بە ئاشتیانە.

بەیانـنامەکە دەشڵێت دۆناڵد ترەمپ لای خۆیەوە پـیرۆزبایی کردووە بە بۆنەی سەرکەوتنەکانی عێراق تۆماری کردوون و جەختی کردووەتەوە کە زیاتر پاڵپشـتی عێراق دەکات و گوتویەتی " ئێوە هاوبەشی سەرەکی ئێمەن و پاڵپشـتیەکی بەهێزی نەگۆڕتان دەکەین."

لە کۆتاتـیـیدا سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا دەعوەتی حەیدەر عەبادی کردووە بۆ سەردانی ئەمەریکا لە نزیکترین کات لە پاش دەسـتبەکاربوونی لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو. داواشی لە عەبادی کردووە کردووە سڵاوی خۆی بە عێراقیـیەکان بگەیەنێت.

XS
SM
MD
LG