Accessibility links

وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ده‌ڵێت که‌سی دووه‌می داعش کوژراوه‌

  • VOA News

وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ده‌ڵێت که‌سی دووه‌م له‌ ناو داعش به‌ هێرشێـکی ئاسمانی هاوپه‌یمانان له‌ شارۆچکه‌ی ته‌له‌عفه‌ری سه‌ر به‌ پارێزگای موسڵ له‌ باکوری عێراق کوژراوه‌.

وه‌زاره‌ته‌که‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنێـکدا له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌که‌ی نووسیویه‌تی " به‌پـێی زانیاری ورد هێرشێـکی ئاسمانی ئه‌نجامدراوه‌ و له‌ ئاکامدا ئه‌بو عه‌لا ئه‌لعفری و دادوه‌ری ویلایه‌تی جه‌زیره‌ و بادیه‌ ئه‌کره‌م قرباش ناسراو به‌ مه‌لا مه‌یسه‌ر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ چه‌کدارانی داعش کوژراون، کاتێـک له‌ مزگه‌وتی شوهه‌دای ناوچه‌ی ئه‌لعه‌یازیـیه‌ له‌ شارۆچکه‌ی ته‌له‌عفه‌ر کۆده‌بوونه‌وه‌."

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌ته‌که‌ ڤیدیۆیه‌کی بۆردومانی فڕۆکه‌ی له‌سه‌ر یوتیوب بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ و‌ ده‌ڵێت له‌م هێرشه‌ ئاسمانیـیه‌ ئه‌بو عه‌لا ئه‌لعفری کوژراوه‌.

ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ڕۆیته‌رز ده‌ڵێت ئه‌بو عه‌لا ئه‌لعفری ناوی ڕاسته‌قینه‌ی عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا محه‌مه‌ده‌ و تورکمانێـکی شارۆچکه‌ی ته‌له‌عفه‌ره‌.

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریکا له‌م باره‌یه‌وه‌ گوتی ئاگاداری هه‌واڵه‌که‌یه‌، به‌ڵام ناتوانێت هیچ لێدوانی له‌سه‌ر بدات.

ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ڕۆیته‌رز ده‌ڵێت ناتوانێت هه‌واڵه‌که‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق پشـتڕاستبکاته‌وه‌، چونکه‌ پـێشـتر چه‌ندان جار حکومه‌تی عێراق هه‌واڵی کوشتنی ئه‌ندامانی داعشی ڕاگه‌یاندووه‌، به‌ڵام له‌ دوایـیدا ده‌رچووه‌ هێشـتا زیندوون.

XS
SM
MD
LG