ناوەندی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە دژی داعش دەڵێت فڕۆکەکانی وڵاتانی هاوپەیمان 24 هێرشی ئاسمانی دیکەیان کردووەتە سەر شوێنەکانی داعش لە عێراق و سوریا.
ناوەندەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی هێرشەکان لە ماوەی 24 کاژمێری ڕابردوو ئەنجامدراون و تیایاندا فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی بۆمب هاوێژ بەکارهاتوون.
لە سوریا 7 هێرشی ئاسمانی کراون، لەوانە پـێنج هێرشیان لە نزیک حەسەکە بوون و بەهۆیانەوە ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو تەقێنراوەتەوە و 5 بینای داعش وێرانکراون و لە خاڵێـکی پشـکنینی داعش دراوە لەگەڵ 4 گروپی چەکداری داعش.
لە نزیک دێرزوریش لە خاڵێـکی کۆکردنەوەی نەوتی خاو دراوە. هەروەها لە ناوچەی مەنبجی باشوری ڕۆژئاوای کۆبانیش بینایەکی داعش وێرانکراوە و لە گروپێـکی چەکداری داعشیش دراوە.
لە عێراق 17 هێرشی ئاسمانی کراون. لە نزیک حەویچە لە دوو گروپی چەکداری داعش دراوە و 3 شوێنی داعش وێرانکراون. لە نزیک حەبانیـیەی ڕۆژئاوای وڵاتەکە عەمبارێـکی چەکی داعش وێرانکراوە. لە نزیک موسڵیش ئۆتۆمبیلی گروپێـکی چەکداری داعش تێـکشکێنراوە.
لە نزیک ڕومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار 9 هێرشی ئاسمانی کراون و لە 6 گروپی چەکداری داعش دراون و 4 بینای داعش وێرانکراون و ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو و حەشارەگەیەکی بۆمب و تەقەمەنیش تەقێنراونەتەوە.
لە نزیک شەنگال بە دوو هێرشی ئاسمانی 6 حەشارگەی ژێرزەمینی داعش وێرانکراون. لە نزیک گوندی سوڵتان عەبدوڵڵای موسڵ لە شوێنێـکی داعش دراوە.