Accessibility links

داعش ڕیگایەکی نوێ دەکاتەوە بۆ هاتوچۆکردن لە نێوان سوریا و عێراق


گروپی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش ڕێگایەکی نوێ لە نێوان سوریا و عێراق بەکاردەهێنن بۆ هاتوچۆکردن دوای ئەوەی لە شەنگال وەدەرنران و شاڕێی 47 ی ئەو شارەیان لە ژێردەست دەرهێنرا.

پێشتر داعش شاڕێی 47ی شەنگالی بەکار دەهێنا بۆ گواستنەوەی ئەندامانی و کەل‌وپەلی سەربازی و خۆراک لە نێوان موسڵ و ڕەققە. بەڵام دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوکاری ‌ئاسمانی ئەمەریکا توانیان شەنگال ڕزگاربکەن، شاڕێی 47 بەتەواوی بەڕوی داعشدا داخرا و ئەو گروپە ناچاربوو بە دوای شوێنی تردا بگەڕێت بۆ هاتوچۆکردن.

چەند سەرچاوەیەكی فەرمی لە کوردستان وعێڕاق بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند کە ئەوان زانیاریان هەیە کە داعش لە باشوری موسڵ بە ئۆتۆمبیلی مەدەنی چەند ڕێگایەک بەکاردێنێت بۆ هاتووچۆکردن و گواستەنەوەی کەل‌وپەل لە نێوان عێراق و سوریا.

بە گوێرەی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا ئەو ڕێگایە لە خوار موسڵەوە بەشارەدێی بەعاج و قیروان دا تێپەڕدەبێت بەرەو ڕەققە و چەکدارانی داعش ڕۆژانە بۆ هاتوچۆ و گواستنەوەی کەل‌وپەل بەکاری دێنن.

هەرچەندە ئەم ڕێگایە نوێیە بۆ داعش گران و سەختە بەبەراورد بە شاڕێی 47 ی شەنگال، بەڵام ئاسانی هاتووچۆکردن لە باشوری موسڵ وایکردوە ئەم ڕێگە نوێیە ببێتە جێگرەوەیەکی باش بۆ هاتوچۆی چەکداران. سەیدۆ حسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزیگای موسڵ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاکەیاند، "خواروی موسڵ وەک ناوچەی شەنگال نییە بەڵکو ئاسانە بۆ هاتوچۆ چونکە ناوچەیەکی لمین و تەختە."

قاسم حسێن بەرجیس ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە ئەم ڕێگایە بۆتە سەرچاوەیەیکی گرنگی داهات بۆ داعش هەرچەندە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا و ڕووسیا دەبێتەوە. هەروەها ئەو ئاماژەی بەوەدا، "ڕێگاکە لە زۆربەی شوێنەکان قیرتاوکراوە لە موسڵەوە تاوەکو ڕەققە بێجگە لە ناوچەی قیروان کە ئەویش شوێنێکی بیابان و تەخت و ئاسانە بۆ هاتووچۆکردن."

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە شەنگال جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە داعش مانگێک بەر لە ئۆپەراسیۆنی شەنگاڵ بە شێوەیەکی بەرچاو جموجۆڵ و هاتوچۆی لە شاڕێی 47ی شەنگالدا کەمکردبۆوە و ڕووی کردبووە بەکارهێنانی ڕیگا نوێیەکەی باشوری موسڵ.

خەڵەف حەدیدی ئەندامێکی تری ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ئەوان زانیاریان هەبوو کە داعش هەشت مانگ بەرلەدەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی شەنگال کاریان دەکرد بۆ بونیادنانی ئەو ڕێگەیە لە خواروی موسڵ.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی سایتی نیقاش، تەنانەت هاوڵاتیانی مەدەنیش ئەم ڕێگەیە بەکاردێنن بۆ هاتوچۆ و گواستنەوەی کەل‌وپەل. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، خەڵکی ناوچەکە فرۆشگای بچوکیان لەسەر ڕیگاکە داناوە و کەل‌وپەل و خواردن و خواردنەوە و سووتەمەنی تیایاندا دەفرۆشن.

حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی شەنگال و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەتوانم بڵێم کە 80% هەموو ئەوکەسانەی کە بەو ڕێگا نوێیەدا هاتوچۆدەکەن داعشن، ئەوەی دەمێنێتەوە خەڵکی سیڤیلن کە زۆربەیان سۆزیان بەلای داعش دایە."

شایەنی باسە پێشتر بە ڕای زۆرێک لە کاربەدەستانی ئەمەریکا و کوردستان ئۆپەراسیۆنی شەنگال بایەخێکی گرنگی هەبوو بۆ پەکخستنی هاتوچۆی داعش لە نێوان سوریا و عێراق.

XS
SM
MD
LG