Accessibility links

هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێـکیان دەسـتپـێکردووە بۆ ڕزگارکردنی شارۆچکەی شڕگات

  • VOA News

هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێـکیان دەسـتپـێـکردووە بۆ ڕزگارکردنی شارۆچکەی شڕگاتی باکوری بارێزگای سەڵاحەدین، ئەمەش وەک بەشێـک لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ وەدەرنانی داعش لەو ناوچانە ستراتیژیـیەی وڵاتەکە.

شڕگات نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژئاوای مەخمورەوە دورە کە لە ئێسـتادا هێزە عێراقیـیەکان لەوێ ئامادەکاری بۆ ڕزگارکردنی شاری موسڵ دەکەن. هەروەها شڕگات ناوچەیەکە هەر چوار پارێزگای سەڵاحەدین و کەرکوک و موسڵ و هەوڵێر پـێکەوە گرێ دەدات.

عەمید یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند ئۆپەراسیۆنەکە کاژمێر 5:30 ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە سێ قۆڵەوە دەسـتیپـێکردووە و هێزەکانی لەشکر و حەشدی خێڵەکانی پارێزگای سەڵاحەدین بە پاڵپشـتی هێزی ئاسمانی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی چەندان کیلۆمەتر پـێشڕەویـیان کردووە.

ئەفسەرێـکیش بە پلەی عەقید بۆ فڕانس پـرێسی ئاشکراکرد بەر لە دەسـتپـێـکردنی هێرشی زەمینی، بە تۆپ و فڕۆکە بۆردومانێـکی چڕی هێڵەکانی پـێشـەوەی چەکدارانی داعش کراون.

ئەگەربێت و شارۆچکەی شڕگات ڕزگاربکرێت، ئەوا هێزەکانی عێراق لە باکوری ڕۆژئاوای شارۆچکەی حەویجەی کەرکوکیش نزیک دەکەونەوە.

XS
SM
MD
LG