Accessibility links

عێراق خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت لە بەرامبەر پەسەندنەکردنی کۆمەکی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا بۆ پـێشـمەرگە


حکومەتی عێراق خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر پەسەندنەکردنی پـرۆژە یاسای کۆمەککردنی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پـێشـمەرگە، ئەوەی دوێنێ سێشەممە تەنها بە کەمی شەش دەنگ لە ئەنجومەنی سیناتدا پەسەند نەکرا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕۆژی چوارشەممە بەیانـنامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی ئەوان ئەوپەڕی خۆشـحاڵن لە بەرامبەر ڕەتکردنەوەی پـرۆژە یاسای پـڕچەککردنی ڕاستەوخۆی پـێشمەرگە لە لایەن ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکاوە.

پاشان نووسیویەتی جارێـکی دیکە جەخت لە هەڵوێستە نەگۆڕەکەیان دەکەنەوە کە پـێویستە هەموو هێز و لایەنە چەکدارەکانی عێراق، ئەوانەی شەڕی داعش دەکەن لە لەشکر و پـۆلیس و حەشدی شەعبی و پـێشـمەرگە و چەکدارە خێڵەکان تەنها لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندیـیەوە بـبن.

هەروەها نووسیویەتی حکومەتی ناوەندی بەرپـرسە لە ڕێـکخستنی دابەشکردنی چەک بەسەر هەموو بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هەر پـرۆسەسەک ئەنجام بدرێت بۆ پـڕچەککردنی یەک لە لایەنەکان دور لە حکومەتی ناوەندی، ئەوا بە زیانێـکی گەورە دەکەوێتەوە بۆ سەر یەکگرتوویی بەرەی عێراقیـیەکان لە شەڕی دژی تێرۆردا.

پاشان لە بەیانـنامەکەدا هاتووە پشـتگیرکردن لە سەروەری عێراق و حکومەتە فیدراڵیـیەکەی لە لایەن وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانانەوە گرنگیـیەکی زۆری دەبێت لە شەڕی ڕێـکخراوە تێرۆرستیـیەکان و بەهێزکرنی یەکگرتووی نیشـتیمانی.

جێی ئاماژەیە دوێنێ سێشەممە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەنگی لەسەر پـرۆژە یاسایەک دا کە ئەگەر پەسەند بکرایە ئەوا سەرۆکی ئەمەریکا دەیتوانی فەرمان بدات ڕاستەوخۆ وڵاتەکەی چەک ڕەوانەی هێزەکانی پێشـمەرگە بکرێت. بەڵام لە کۆی 100 ئەندامەکەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا تەنها 54 سیناتۆری پـشـتیوانیان لێکرد، بەمەش پـرۆژەکە پەسەند نەکرا، چونکە بەپـێی یاساکانی کۆنگرێس دەبوایە بە لایەنی کەم 60 سیناتۆر بە "ئەرێ" دەنگیان بدایە تاوەکو ببوایە یاسا.

XS
SM
MD
LG