Accessibility links

چەندین ناوچەى نیشتەجێبونى پارێزگاى سەڵاحەدین کراونەتە ناوچەى سەربازى داخراو


حەشدى شەعبى هەندێک ناوچەى عەرەبى سونەیان لەپارێزگاى سەڵاحەدین کردوەتە ناوچەى سەربازى داخراو و رێگە بەدانیشتوانەکانیان نادەن بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان ، یەکێک لەو ناوچانە ناحیەى سلێمان بەگ ى سەربە قەزاى خورماتوە.

شەلال عەبدول قایمقامى قەزاى خورماتو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەگەڵ پەرلەمانى عێراق و ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین و نەتەوە یەکگرتوەکاندا قسەمان کردووە بۆ ئەوەى هێزە شیعیەکان رێگە بەگەرانەوەى دانیشتوانى سلێمان بەگ بدەن بەڵام هەوڵەکانمان بێ‌ ئەنجام بوون."

ناحیەى سلێمان بەگ ى پارێزگاى سەڵاحەدین کە لەسەرووى 10 هەزار خێزانى عەرەبى سونە پێکهاتووە ، لەئێستادا بەشێکى ئەو خێزانانە لەدەشتاییەکى نزیک ناحیەکە و لەژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەدا ژیان دەگوزەرێنن، بەشەکەى تریان لەکەرکوک و خورماتو نیشتەجێ‌ بوون.

رێگەنەدانى هێزە شیعیەکان بەگەرانەوەى دانیشتوانى ناحیەکە، لەکاتێکدایە ئەو ناحیەیە نزیکە لەناحیەى ئامرلى شیعەنیشینەوە کەپێشتر لەلایەن داعشەوە بۆ ماوەى چەند مانگیک گەمارۆى دانیشتوانەکەى درا ، جیالەوەش سلێمان بەگ پێشتر پێگەى گروپە چەکدارە سونەکانى تێدا بەهێز بووە.

شەلال عەبدول وتیشى"یەکێک لەهۆکارەکانى رێگەنەدان بەگەرانەوەى دانیشتوانى سلێمان بەگ ، ئەوەیە کەشیعەکان پێیانوایە ئاوەدانکردنەوەى گرفت بۆ ناحیەى ئامرلى دروست دەکات."

لاى خۆشیەوە حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، ئاماژەى بەوەکرد جگە لەناحیەى سلێمان بەگ ، هێزە شیعیەکان چەندین ناوچەى ترى سونەنیشینى پارێزگاکەیان کردوتە ناوچەى سەربازى و رێگرن لەبەردەم گەرانەوەى دانیشتوانەکانیان.

حەسەن محەمەد وتى"جەرفولسەخەر ، عەزیزلبەلەد ، قەرەغۆریسان و چەندین ناوچەى تر تا ئێستا رێگە بەدانیشتوانەکانیان نەدراوە بگەرێنەوە."

ناوبراو وتیشى"پاساوى رێگەنەدان بەگەرانەوەیان بەردەوامى پرۆسە سەربازیەکانە لەو ناوچانە ، بەوەى گەر ئاوەدان بکرێنەوە هێزە چەکدارەکان سودیان لێدەبینێت."

ناحیەى سلێمان بەگ لەڕووى جوگرافیەوە دەکەوێتە سەر رێگەى نێوان قەزاى خورماتو و بەغدا و بە ئاوەدانکردنەوەى ئەم ناحیەیە ، شیعەکانى ئامرلى و خورماتو لەیەکترى دادەبرێن، ئەمە جگە لەوەى دەکەوێتە سەر ئەو هێڵەش کە چاودێران دەڵێن ئێران دەیەوێت لەچوارچێوەى پرۆژەى هیلالى شیعى دا بیبەستێتەوە بە سوریاوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:20 0:00

XS
SM
MD
LG