Accessibility links

موقتەدا سەدر هەڕەشەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق دەکات


موقتەدا سەدر ڕێبەری شیعەی عێراق داوای لە لایەنگرانی کرد لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی وڵاتەکە دەنگ نەدەن ئەگەر کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و یاساکەی گۆڕانکاریان بەسەردا نەیەت.

ئەمڕۆ هەینی لە خۆپیشاندانێکی ناڕەزاییدا لە مەیدانی تەحریری بەغدا سەدر وتارێکی بۆ دەیان هەزار کەس پێشکەشکرد کە ئامادەی خۆپیشاندانەکە بوون. وتی "شۆڕشەکەی ئێوە لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە بە ئەنجام دەگات، بۆیە دەبێت لە ژێر دەستی کەسانی سەربەخۆدابن، مانەوەی کۆمسیۆنی ئێستا و یاساکەی مانای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانە لەلایەن ئێمەوە."

وتیشی"هەر کەسێک وڵاتەکەی خۆش بووێت دەبێت دەنگە بە نرخەکەی نەدات بە گەندەڵکاران لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا چونکە دەنگەکەی وڵاتەکە ڕزگاردەکات."

داواشی لە عێراقیەکان کرد لەسەر سازکردنی خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئاشتیانە بەردەوام بن هەتا کۆتایی بە گەندەڵی لە وڵاتەکەدا دێت.

هەروەها وتی "ئەوانە هەوڵ دەدەن بە هەموو توانایەکیانەوە لە شەڕ بەردەوام بن و هەندێکیان بە ڕزگارکردنی موسڵ ناوەستن بەڵکو لەملاولا فڕێتان دەدەنە نێو جەنگی ترەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانە نێودەوڵەتیەکانیان."

بەڵام سەدر لە وتارەکەیدا ڕاستەوخۆ ئاماژەی بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەکرد کە بە گەندەڵکار و پلانگێڕیان ناودێردەکات.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG