Accessibility links

ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە باکوری بەغدا دەتەقێتەوە و 12 کەس دەکوژرێن


ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەی ڕاشدیـیەی باکوری بەغدای پایتەختی عێراق تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 12 کەس کوژراون و نزیکەی 37 کەسیش برینداربوون.

کاربەدەستێـکی پـۆلیس بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە تەقینەوەکە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە عەلوەی سەوزە و میوەی گەڕەکی حسێنیـیەی زۆرینە شیعەی ڕاشدیـیە ڕوویداوە. باسی لەوەش کرد تەقینەوەکە بە پـیکاپێـکی پـڕ تەقەمەنی کراوە و لە گەرمەی قەڕەباڵغی عەلوەکە تەقێنراوەتەوە. گوتیشی ژمارەیەک ئۆتۆمبیلیش زیانیان پـێگەیشتووە.

ئەم تەقینەوەیە لە کاتێـکدایە کە ڕێوشوێنی توندی ئاسایشی لە بەغدای پایتەخت گیراونەتەبەر، لەوانە داخستنی ژمارەیەکی زۆری پـرد و جادە سەرەکیـیەکان.

عەمید سەعەد مەعەن گوتەبێژی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لەم بارەیەوە گوتی ئەم هەنگاوەیان بەشێـکە لەو ئامادەکاریـیانەی دەکرێن بۆ نمایشێـکی لەشکری بەبۆنەیەکی تایبەتەوە. هەرچەندە باسی لە بۆنەکە نەکرد، بەڵام پـێدەچێت مەبەستی ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری عێراق بێت کە ڕێکەوتی ئەم پـێنجشەممەیە 14 ی مانگی تموز دەکات.

XS
SM
MD
LG