Accessibility links

پەرلەمانتارێكى عێراق: چەكدارانی حەشدى شەعبى و هێزە ئەمنیەكانى ڕومادى بە جلى ژێرەوە هەڵاتوون

  • VOA News

وەزیرى كۆچ و كۆچبەرانى حكومەتى عێراق ، ئاشكرایكرد لە ماوەى 3 رۆژى رابردوودا 5 هەزار خێزانى دانیشتووى شارى ڕومادى ئاوارە بوون و ، پەرلەمانتارێكى عێراقیش دەڵێت "بارودۆخى ئەمنى ئەنبار زۆر خراپە و هێزە ئەمنیەكان بە جلى ژێرەوە هەڵدێن."

عادل نورى ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"بارودۆخى ئەمنى ئەنبار زۆر خراپە ، بە شێوەیەک چەكدارەكانى حەشدى شەعبى و هێزە ئەمنیەكان جلە سەربازیەكانیان فڕێداوە و بە جلى ژێرەوە هەڵاتوون."

عادل نورى ، ئاماژەى بەوەكرد هەمان سیناریۆى موسڵ لە پارێزگاى ئەنبار دووبارە بووەتەوە كە هێزە ئەمنیەكان هەڵدێن و داعش بێ‌ ڕووبەڕووبوونەوەى قورس پـێشڕەوى دەكات و وتى"كشانەوەى هێزە ئەمنیەكان لە ئەنبار بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە ، چونكە پـێش هێرشەكانى داعش فەرماندەى گشتى پرۆسە سەربازیـیەكانى ئەنبار و پلەدارە باڵاكان مۆڵەتیان وەرگرتووە و لە ئەنبار نەماون."

لاى خۆشیەوە دكتۆر دەرباز محەمەد وەزیرى كۆچ و كۆچبەرانى حكومەتى عێراق ، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"لە ڕۆژى هەینى رابردووەوە 5 هەزار خێزانى دانیشتووى شارى ڕومادى ئاوارەبوون ، لە ئێستادا ئەو ئاوارانە لە ناحیەى عامریە و قەزاى خالدیەى ئەنبار نیشتەجێ‌ بوون."

ناوبراو دەڵێت"زۆربەى دانیشتوانى ڕومادى لە نێو ماڵەكانیاندا ماونەتەوە، چونكە بوار بۆ دەرچوونیان نەبووە."

كۆنترۆڵكردنى شارى ڕومادى ناوەندى پارێزگاى ئەنبار و بەرگرى نەكردنى هێزە ئەمنیەكانى عێراق لەو شارە ، ترسى ئەوەى لاى دانیشتوانە سووننەكەى دروستكردووە ئەركى كۆنترۆڵكردنەوەى شارەكەیان بسپێردرێتە حەشدى شەعبى شیعى و لەسەر دەستى ئەو هێزە ڕووبەڕِووى كوشتن و بڕین ببنەوە.

XS
SM
MD
LG