Accessibility links

عێراق: کەمتر لە 11% ی شاری موسڵ بە دەست داعشەوە ماوەتەوە


کاربەدەسـتێـکی لەشکری عێراق دەڵێت هێزەکانی وڵاتەکەی بە پشـتیوانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی توانیویانە زیانێـکی زۆر بە داعش لە موسڵ بگەیەنن و لە ئێستادا کەمتر لە 11% ی شارەکە بەدەستی داعشەوە ماوەتەوە.

عەمید یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هەریەک لە گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و گوتەبێژی وەزارەتی پـێشمەرگە لە بەغدا، گوتی لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکاندا زیاتر لە 16 هەزار چەکداری داعش کوژراون و 679 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو تێـکشکێنراون و زیاتر لە 6 هەزار بۆمبی چێنراو پـوچەڵکراونەتەوە و 76 شوێنی بۆمب دروستکردن وێرانکراون.

گوتیشی تەواوی بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ لەگەڵ 89.5% ی بەشی ڕۆژئاوای شارەکە لە ئێستادا لە داعش ڕزگارکراون.

هەروەها کۆلۆنێل جۆن دوریان گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لای خۆیەوە گوتی لەم زووانە داعش لە تەواوی شاری موسڵ ناهێڵرێت و ئاڵای عێراق لە سەرانسەری شارەکە بەرزدەکرێتەوە.

گوتیشی ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی لە پاش ڕزگارکردنی موسڵ ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستی داعش لە وڵاتەکە دەسـتپـێبکات. جەختی لەوە کردەوە کە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت لە پشـتیوانیکردنی هێزە عێراقیـیەکاندا.

سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن تورکیا ڕێگە نادات شارۆچکەی تەلەعفەر ڕزگاربکرێت، عەمید یەحیا ڕەسوڵ گوتی هێزەکانی عێراق تەنیا فەرمان لە حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان وەردەگرن و کە ناتوانێت ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکان بکات و هێزە عێراقیـیەکان دەچنە ناو شارۆچکەی تەلەعفەر و ڕزگاری دەکەن.

هەروەها ڕەتیکردەوە گرژی لە نێوان هێزەکانی پـێشمەرگە و حەشدی شەعبی هەبێت. گوتیشی پـێشمەرگە شەڕی دژی داعش کردووە و قوربانیـیەکی زۆری داوە، وە ڕەوشەکە ناگاتە ئەو ئاستەی ڕووبەڕووی دروستببێت، بۆیە هیچ مەترسیەک نیـیە.

XS
SM
MD
LG