Accessibility links

هێزەکانی عێراق چەند گەڕەکێـکی دیکەی شاری موسڵ لە داعش ڕزگاردەکەن


هێزەکانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە پـێشڕەوی زیاتریان کردووە لە گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ و لە ئێستادا ناوچەیەکی کەم ماوەتەوە تاوەکو بە تەواوی ئەو بەشەی شارەکە کۆنترۆڵبکەن.

سەباح نوعمان گوتەبێژی هێزەکانی دژە تێرۆری عێراق بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت هێزەکانیان گەیشتوونەتە گەڕەکی شورتە و لە شەڕ‌ و پـێکداداندان لە دژی چەکدارانی داعش. گوتیشی هەتا کۆتایی ڕۆژ پـێشڕەوی دەکەن.

گەڕەکی شورتە دەکەوێتە نێوان ڕووباری دیجلە و کۆمەڵە بیناکانی زانکۆی موسڵ، ئەوەی ڕۆژی شەممە هێزەکانی عێراق توانیان بە تەواوەتی کۆنترۆڵی بکەن.

فەریق ڕوکن عەبدول ئەمیر ڕەشید یارە الله فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی موسڵ لە بەیانـنامەیەکدا ئەویش گوتی گەڕەکی ئەلجەماسە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە ڕزگاکراوە و ئاڵای عێراق لەسەر بیناکانی ناوچەکە بەرزکراونەتەوە.

هەروەها فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنەکان لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند هەردوو گەڕەکی کندی و قەیرەوان لە باکوری کۆمەڵە بیناکانی زانکۆی موسڵ ئەوانیش ئەمڕۆ دووشەممە ڕزگارکراون.

لە لایەکی دیکە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند نزیکەی 32 هەزار کەس لە دانیشتوانی موسڵ لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو شارەکەیان جێهێشتووە، بەمەش لەوەتای ئۆپەراسیۆنی موسڵ دەسـتیپـێکردووە 161 هەزار کەس لە موسڵ ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و بەرەو کەمپەکانی پەنابەران و ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە هەڵاتوون.

هەروەها ڕۆیتەرز دەڵێت یەکێـک لە دانیشتوانی موسڵ بە تەلەفون بۆی ڕاگەیاندوون چەکدارانی داعش کە ژمارەیەکیان سەرکردەی ناسراویانن، ڕۆژئاوای شاری موسڵیان چۆڵکردووە بە ئاڕاستەی شارۆچکەی تەلەعفەری نزیک سنووری سوریا ڕۆیشتوون.

XS
SM
MD
LG