Accessibility links

ڕۆیتەرز: فەرماندە عێراقیـیەکان تاوتووێی ستراتیژیەتێـکی نوێـیان بۆ شەڕی موسڵ کردووە


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت فەرماندە عێراقیـیەکان تاووتوێی گۆڕینی سـتراتیژیـیەتی خۆیان بۆ شەڕی داعش لە شاری موسڵ کردووە بە شێوەیەک دانیشتوانەکەی بتوانن شارەکەیان چۆڵ بکەن و هێزەکانی حکومەت خێراتر ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدەن.

بەپـێی ڕۆیتەرز، چەند سەرچاوەیەکی لەشکری عێراق گوتویانە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیە هاوبەشەکانی وڵاتەکەیان باسیان لە چۆنیەتی دەربازکردنی دانیشتوان لە موسڵ کردووە تاوەکو هێزەکانیان لەگەڵ فڕۆکە جەنگیـیەکانی خۆیان و هاوپەیمانان دەسـتیان واڵابێت لە لێدانی داعش لە شارەکەدا و سەرئەنجام ئۆپەراسیۆنەکە بە خێراتر بەڕێوەبچێت.

بەڵام گوتویانە لە کۆتایـیدا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق بە پـلانەکە ڕازی نەبووە، ئەویش لەبەر ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوان لە شارەکەدا کە سەدان هەزار کەسن و لە توانای حکومەت و ڕێکخراوە مرۆیـیەکاندا نیـیە پـێداویستیەکان بۆ دابین بکەن لە کاتێـکدا وەرزی زستان وا بەڕێوەیە.

هەروەها سەرچاوەکان گوتویانە عەبادی و ڕاوێژکارەکانی مەترسیـیان لەوەش هەیە دانیشتوان بکرێنە ئامانج لە لایەن چەکدارانی داعشەوە لەو کاتەی هەوڵی دەربازبوون لە شارەکە دەدەن، ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە کە هێشتا سێ لەسەر چواری شارەکە بە دەستی داعشەوەیە.

ڕۆیتەرز دەڵێت داعش شەڕێـکی توند لە ناو شارەکە دەکات و قەناس و خومپارە و 600 خۆکوژ بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە شارەکە بڵاوکردووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی تونێلی لە نێو گەڕەکەکاندا لێداوە.

ئەفسەرێـک لە فیرقەی نۆی زرێپـۆش کە لە میحوەری باشوری ڕۆژهەڵاتی شارەکەیە گوتویەتی فەرماندە باڵاکانیان فەرمانیان پێـکردوون پـێشڕەوی بکەن، بەڵام سەلامەتی خەڵکی سیڤیل لە پـێش هەموو شتێـک ڕەچاوبکەن. پاشان ئەفسەرەکە گوتویەتی بەو شێوەیە ئەرکەکە زۆر قورس دەبێت.

هەتا ئێستا هێزەکانی دژە تێرۆری عێراق و فیرقەی نۆی زرێـپـۆش توانیویانە نزیکەی نیوەی بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەکە ڕزگاربکەن.

فەریق ڕوکن عەبدول ئەمیر ڕەشید یارالله پـێشبینی دەکات بەوەی هەتا دێت و شەڕەکە زەحمەتـتر دەبێت، بەو پـێیەی ڕێژەی دانیشتوان لە ڕۆژئاوای شارەکە بەرزترە و هەروەها بەشێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی شارەکەش لەبەر شەڕەکانی ئێستا پەنایان بۆ گەڕەکەکانی ڕۆژئاوای شارەکە بردووە.

XS
SM
MD
LG