Accessibility links

لەشکری عێراق شارۆچکەی حەمدانیـیەی ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ کۆنترۆڵ دەکەن


ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ بۆ ڕۆژی دووەم بەردەوامە و هێزەکانی لەشکری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە توانیویانە بە پاڵپشـتی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان پـێشڕەوی زیاتر بکەن بە تایبەتی لە هەردوو میحوەری ڕۆژهەڵات و باشوری شارەکە.

بەپـێی ئەو زانیاریـیانەی لە بەرەکانی شەڕەوە هاتوون، لەشکری عێراق ئەمڕۆ توانیویەتی لە میحوەری ڕۆژهەڵاتی موسڵ بچنە ناو شارۆچکەی حەمدانیـیە و بەخدیدا (قەرەقوش) ناوەندی شارۆچکەکە کۆنترۆڵ بکەن. لە میحوەری باشوری ڕۆژهەڵاتی موسڵ، گوندی عەباس ڕەجەب ڕزگارکراوە و هێزەکان بەرەو شارۆچکەی حەمام عەلیل پـێشڕەوی دەکەن، هاوکات پـۆلیسی فیدراڵی کارگەی کبریتی ئەلمشراقی کۆنترۆڵکرد. لە میحوەری باشور، گوندەکانی ئەلزاویە و ئەلحۆد لە باکوری شارۆچکەی گەیارە لە داعش پاککرانەوە.

لەشکری عێراق دەڵێت لەم شەڕ و پـێکدادانانە دەیان خۆکوژی داعشیان کوشتووە و چەندان ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویان تەقاندووەتەوە.

لە لایەکی دیکە کۆلۆنێل جۆن دۆریان گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان گوتی بە هێرشی ئاسمانی و موشەک و تۆپـخانە پشتیوانیان لە هێزە عێراقیـیەکان کردووە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد بەشێـکی زۆری ئەو 54 هەزار ئەندامەی هێزە عێراقیـیەکان کە مەشقیان پـێکردوون، بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی موسڵدا دەکەن. گوتیشی ئۆپەراسیۆنەکە وەکو چۆن بەرنامەی بۆ دانراوە بەڕێوەدەچێت.

XS
SM
MD
LG