Accessibility links

گوتەبێژی هاوپەیمانان بۆ شەڕی داعش: شەڕی ڕزگارکردنی موسڵ قورس دەبێت


کۆلۆنێلی ئەمەریکایی ستیڤ وارن گوتەبێژی هاوپەیمانان بۆ شەڕی داعش لە وتووێژێـکی تایبەتدا بۆ ڕادیۆ سەوا گوتی شەڕی ڕزگارکردنی موسڵ قورس دەبێت بەهۆی بوونی خەڵکێکی زۆری سیڤیل لە شارەکەدا و هەروەها داعش سوورە لەسەر ئەوەی لەوێ بمێنێتەوە و باشترین چەکداری خۆی بۆ ئەوێ هێناوە.

پـرسیار: چین ئەو کۆسپ و گرفتانەی لە بەردەم هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دەبن لە شەڕی ڕزگارکردنی شاری موسڵ؟

وەڵام: شەڕی ڕزگارکردنی شاری موسڵ قورس دەبێت، بەڵام ئەتوانم بڵێم ئامادەکاریـیەکان بۆ شەڕی موسڵ دەسـتیپـێکردووە چ لە ئاسمان یان لە زەوی. لە ئێسـتادا فڕۆکەکانی هاوپەیمانان هێزەکانی دوژمن لە دەوروبەری موسڵ بۆردومان دەکەن و هێرشی ئاسمانی دەکەنە سەر ڕێبەرانی دوژمن لە ناو شاری موسڵ و هەروەها بۆردومانی ئەو کارگانەی داعش دەکەن کە بۆمبی چێنراو و چەک تیایاندا دروستدەکەن. ئەمانە وەها دەکەن داعش لاوز ببێت بەر لەوەی لەشکری عێراق بەرەو شارەکە پـێشڕەوی بکات.

بەڵام زۆر کۆسپ و گرفت لە بەردەمدا هەن، لەوانە کە گەورەترین کۆسپە ڕووباری دیجلەیە کە بە ناوەڕاستی شارەکە دەڕوات و وەها دەکات سەخت بێت بۆ ماشێنە زرێپـۆشیـیەکان بۆ ئەوبەری ڕووبارەکە بپەڕێنەوە.

گرفتێـکی دیکە ئەوەیە هێشتا خەڵکێـکی زۆری سیڤیل لە شارەکەدا ماونەتەوە و ئێمەش زۆر بە لامانەوە گرنگە کە زۆر بە وریایـیەوە لەگەڵ خەڵکی سیڤیلدا مامەڵە بکەین، چونکە ئێمە بۆ ئازادکردنی خەڵکی سیڤیل ئەم کارە دەکەین نەک بۆ ئازاردانیان. بەڵام خۆشبەختانە تەکنەلۆجیایەکی وەها پـێشکەوتوومان هەیە لەگەڵ فڕۆکەوانانی زۆر باش کە دەتوانرێت بەهۆیانەوە ئەو گرفتە وەلابنێین.

گرفتێـکی دیکە داعش دەیەوێت لە شاری موسڵدا بمێنێتەوە. بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە باشترین چەکداری بیانی خاوەن ئەزمونی خۆی هێناوەتە ناو موسڵەوە کە چەکداری بەهێزن. پاشان داعش بۆ چەندان مانگە لە دەوروبەری موسڵ سەنگەرەکانی خۆی بەهێز دەکات. بۆیە شەڕێـکی قورس دەبێت.

پـرسیار: دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاتانگەیاند ئۆپەراسیۆنەکانی مەخمور و کوبەیسە و هیت لە یەک کاتدا دەسـتپـێدەکەن. ئایا لە ڕووی تەکتیکیـیەوە ئەوە شیانی ئەنجامدانی هەیە؟

وەڵام: ئەو ئۆپەراسیۆنانەی باسی دەکەیت وا ئێسـتا بەڕێوەدەچن. هێزەکانی عێراق ئەمڕۆ شاری فەلـلوجەیان گەمارۆداوە. هەروەها لەشکری عێراق ئەمڕۆ لە ناو کوبەیسەدایە و فیرقەی 15 ی لەشکری عێراق ئەمڕۆ لە مەخمورەوە بەرەو گەیارە پـێشڕەوی کردووە. هێزەکانی عێراق نیشانیان داوین کە دەتوانن لە یەک کاتدا لە چەند شوێنێـک شەڕ بکەن.

پـرسیار: ئێوە باسی بوونی چەکدارانی بیانی داعشتان لە موسڵ کرد، ئەی چی لە بارەی فەرماندەکانیان لەوانە ئەبو بەکر ئەلبەغدادی و ئەوانی دیکەیان دەزانن؟ ئایا هێشـتا لە موسڵن یان ڕۆیشتوون؟

وەڵام: داعشەکان ترسنۆکن، لە هێزەکانی عێراق دەترسن، لە هێزەکانی دژە تێرۆر دەترسن، لە هێرشە ئاسمانیـیەکانی هاوپەیمانانیش دەترسن. ژمارەیەکی زۆر لە ڕێبەرەکانیان کوژران، لەوانە حەجی ئیمان و عومەر شیشانی و زۆر ڕێبەری دیکەیان. هەروەها زۆریشیان هەیە هەڵاتون. بەڵێ هێشتا هەندێـک لە ڕێبەرەکانیان لەوێ ماونەتەوە، بەڵام پـێناچێت بەغدادی لە موسڵدا بێت هەرچەندە پـێمان وایە جاروبار سەردانی شارەکە دەکات. بەڵام ئەمەت لە بیر نەچێت، هیوادارم بەغدادی گوێی لەم قسانە بێت " ئێمە ڕاوی دەنێـین و دەیدۆزینەوە و بە سزای خۆی دەگات."

پـرسیار: ئێمە وا بەرەو هاوینێـکی سەخت لە عێراقدا دەڕۆین، ئایا ئەوە گرفتێـک بۆ شەڕەکان لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە یان لە موسڵ دروستناکات.

وەڵام: کەش‌وهەوا هەمیشە گرفتە بۆ هێزی لەشکری، بۆ نمونە تەنیا هەر دوێنێ شەڕەکە لە مەخمور خاوکرایەوە بەهۆی بارانەوە، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە کەش‌وهەوا کاریگەری لەسەر هەدروو لایەنی شەڕ دەبێت. بەڵام خوکوژەکان ئەوانە گوێ بە کەش‌وهەوا نادەن.

XS
SM
MD
LG