Accessibility links

وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق: فڕۆکە عێراقیەکان بەمەبەست ئاوارە ناکەنە ئامانج


وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دەڵێت ئاوارەبوونى هاوڵاتیانى سڤیل بەردەوامى هەیە و رۆژانە خەڵکى موسڵ ماڵ و حاڵیان جێدەهێڵن. ئەمڕۆش سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ تاوتوێکردنى پرسى شەڕى داعش و ئاوارەکان گەیشتە عێراق.

دکتۆر دەرباز محەمەد وەزیرى کۆچ وکۆچبەرانى عێراق ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لە عێراق دا 4 ملیۆن و 200 هەزار کەس بەهۆى شەڕى داعشەوە ئاوارەبوون."

وتیشى"لەو ژمارەیە ملیۆنێک و 800 هەزار کەسیان گەراونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان و نزیکەى 2 ملیۆن 500 هەزار کەس لە ژیانى ئاوارەیدا ماونەتەوە."

ئەمڕۆ ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتوەکان لەگەڵ بەرپرسانى عێراق دا لەبەغدا کۆبوەوە ، شەڕى داعش و گرفتى ئاوارەکانى تاوتوێکردووە.

دەربارەى ژمارەى ئەو خێزانانەى لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش دا لەناو موسڵ ماونەتەوە، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق وتى"لاى چەپى موسڵ تەواو ئازاد کراوە و لاى راستیشى نیوەى لەژێر کۆنترۆڵى داعش دا ماوە ، بەڵام ژمارەى ئەو خێزانانە نازانین کەلەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش دا ماونەتەوە."

پێشتر بەشێک لەو خێزانانەى موسڵیان بەجێهێشتبوو باسیان لە بۆردومانکردنیان دەکرد لەلایەن فرۆکەوە ، هەروەها هەفتەى رابردووش ژمارەیەکى زۆر هاوڵاتى سڤیلى دانیشتوى موسڵ لەئەنجامى بۆمبارانى فرۆکەوە کوژران.

لەو بارەیەوە دکتۆر دەرباز محەمەد ، روونیکردەوە کەحکومەتى عێراقى لێکۆڵینەوەى دەستپێکردووە ، وتى"فرۆکە عێراقیەکان بەمەبەست کەس ناکەنە ئامانج ، بەڵام ئەوەى روویداوە دەرئەنجامى پرۆسە سەربازیەکانن ، کە شەرێکى توند لەنێو موسڵ دا بەردەوامى هەیە."

ئاوارەبوونى بەردەوامى دانیشتوانى موسڵ ، لەکاتێکدایە زۆربەى ناوچەکانى پارێزگاکانى دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار لەداعش پاککراونەتەوە ، بەڵام ناکۆکى مەزهەبى رێگرە لەبەردەم گەرانەوەى هەزاران ئاوارە بۆ ناوچەکانیان و بەشێکى زۆرى ئاوارەکانیش لەهەرێمى کوردستانن.

XS
SM
MD
LG