Accessibility links

وتەبێژی حەشدی شەعبی: داعش وه‌ک ده‌وڵه‌ت ڕوخا

  • یه‌حیا به‌رزنجی

هێزه‌ عێراقییه‌کان پێشڕه‌وییان کرد به‌ره‌و سه‌نته‌ری شاری موسڵ که‌ که‌وتووه‌ته‌ لای راستی شاره‌که‌، ده‌ست گرتنه‌وه‌ به‌سه‌ر شوێنه‌ حکومییه‌کان له‌ ناوچه‌ی ده‌واسه‌، به‌ رای که‌ریم نوری وته‌بێژی فه‌رمی حه‌شدی شه‌عبی داعش وه‌کو ده‌وڵه‌ت روخا، ده‌شڵێت "حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ سوپادا توانیومانه‌ رێگاکانی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی موسڵ له‌ خۆرئاوا کۆنترۆڵ بکه‌ین، ئه‌وه‌ش ئاسانکاری بۆ پۆلیسی فیدراڵ وهێزی دژه‌تیرۆر دروست کردووه‌ که‌ به‌ره‌و ناو شاره‌که‌ پێشڕه‌وی بکه‌ن، داعش وه‌ک ده‌وڵه‌ت ڕوخا، به‌لام شاره‌ کۆنه‌که‌و پاشماوه‌یان له‌ شاره‌که‌دا مه‌سه‌له‌ی کاته‌."

به‌لای راوێژکاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ لیوا به‌ختیار محه‌مه‌د هێشتا رزگارکردنی شاری موسڵ درێژه‌ ده‌کێشێت. "شه‌ڕه‌که‌ قورستر ده‌بێت، له‌ ده‌ره‌وه‌ی سه‌نته‌ری شار به‌هۆی بۆردومانی فڕۆکه‌کانی هاوپه‌یمانان پێشره‌وی باشیان کردووه‌، به‌ڵام شه‌ڕی کۆڵانه‌و کۆڵانو شه‌ڕکردن له‌ ناوچه‌ی ته‌نگه‌به‌ردا ره‌نگه‌ سه‌خت بێت، به‌رای من ئه‌و شه‌ڕه‌ دوو مانگی تر ده‌خایه‌نێت."

له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ شیکه‌ره‌وه‌و پسپۆری ستراتیژی ئاراز جه‌وهه‌ر پێی وایه‌ که‌ پلانی سوپای عێڕاقی له‌و شه‌ڕه‌ به‌ خێرایی گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، ده‌شڵێت "پۆلیسی فیدراڵ له‌و روبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌ پێشره‌وی کرد که‌ توانی بچیته‌ سه‌نته‌ری شاره‌که‌وه‌، هه‌روه‌ها هێزه‌کانی تریش فشاره‌کانیان له‌ هه‌موو شه‌ڕگه‌کان زیاد کردووه‌، پێم وایه‌ له‌سه‌رده‌می سه‌رۆک ترامپدا، بۆردومانی فرۆکه‌کانی ئه‌مریکا زۆر زیاتر بووه‌، به‌ڵام بیابانی خۆرئاوا ئه‌گه‌ر کۆنترۆڵ نه‌کرێت سه‌رکرده‌ دیاره‌کانی داعش به‌ره‌و ره‌قه‌ هه‌ڵدێن."

XS
SM
MD
LG