هێزەکانی عێراق بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر دوو گوندی دورەدەستی باشوری شاری موسڵ و هەوڵ دەدەن ناوچە گوندنشینەکان لە چەکدارانی داعش پاکبکەنەوە کە لەو ناوچانەدا ماونەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە پـێشڕەوی هێزە عێراقیـیەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە سەدان چەکداری حەشدی شەعبی و هێزی پـۆلیسی فیدراڵی لە گوندی حاج عەلی گردبوونەوە کە لەوێوە تۆپـبارانی بنکە و بارەگاکانی چەکدارانی داعش دەکەن لە هەردوو گوندی شیالە ئەلئیمام و شیالە ئەلعولیا کە 90 کیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دورە. هاوکات هێزەکان بە ماشێنی لەشکری لە جۆری هەمڤی بەرەو گوندەکان پـێشڕەویان کرد.
لە میحوەری ڕۆژهەڵاتی موسڵیش، لەشکری عێراق هێرشێـکی دەسـتپێـکرد بۆ سەر هەردوو گەڕەکی ئەلسوکەر و تەئمین و هێزە تایبەتەکانیش بەردەوامبوون لە پشکنینی ماڵ و شوێنەکانی پـێشتر ڕزگارکران.
لە لایەکی دیکە کاوە عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە ناوچەی موسڵ ژمارەیەک وێنەی ناردووە کە تیایاندا ئەو چەکانە نیشان دەدرێن داعش دروستی کردوون و کەوتوونەتە دەستی هێزە عێراقیـیەکان.